ھەولێر-KDP. info- رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی دارایی بۆ گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کەلێنی ئەمنیی لە سنوورەکان دروست کردووە و قاچاخچییەکان سوودی لێ دەبینن.
د.دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی رایگەیاند، ئاڵۆزییە سیاسی و سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییەکی نەرێنیی بەرچاویان لەسەر ئاسایشی ناوچەکە هەیە، بەتایبەت لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و ماددە کارلێکەرە عەقڵییەکان.
دەشڵێت، ناسەقامگیریی بەردەوام لە ناوچەکەدا دەبێتە هۆی سستبوونی سیستەمی کۆنترۆڵی سنوورەکان لە وڵاتانی دراوسێ، ئەمەش دەرفەتی زیاتر بۆ تۆڕەکانی تاوانی رێکخراو دەڕەخسێنێت بۆ فراوانکردنی چالاکییەکانیان لە قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکاندا.
ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی رووداوەکانی دوایی ناوچەکە، بەتایبەتی شەڕەکەی 28ـی شوباتی 2026، سەرنجی هێزە ئەمنییەکان لە زۆربەی وڵاتانی دەراوسێ بەرەو بەرگریی و کارە سەربازییەکان ئاراستە بووە، ئەمەش کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر دروستبوونی کەلێنی ئەمنیی لە سنوورەکاندا هەبووە. بەم شێوەیە، تۆڕەکانی قاچاخچێتی بە شێوەیەکی سیستماتیک سوود لەم بارودۆخە وەردەگرن بۆ دۆزینەوەی رێگەی نوێی گواستنەوە و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، بەتایبەت لە ناوچە ترانزێتییەکاندا.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان تهنیا بابەتێکی تەندروستی گشتی نییە، بەڵکو بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی دارایی بۆ گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان، کە بەو شێوەیە توانای بەردەوامبوونیان لە ئاڵۆزی و شەڕەکاندا زیاد دەکات."
دیندار زێباری جەختیشی کردەوە، ئەم کێشانە تەنیا وەک مەسەلەیەکی ئەمنیی نابینرێن، بەڵکو پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤەوە هەیە. لەو پێناوەدا، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوان (UNODC) کرد بۆ زیادکردنی هاوکارییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە بوارەکانی بەهێزکردنی چاودێریی سنوورەکان و گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری.
لە کۆتاییدا، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی ستراتیژییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی کۆمەڵگە.