هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم ڕایگەیاند، پڕۆسەی تۆمارکردنی منداڵانی تازە لەدایکبوو لە فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک لە دهۆک و هەڵەبجە دەستی پێکردووە و لە قۆناغی داهاتووشدا هەولێر و سلێمانی دەگرێتەوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک بەهۆی گۆڕینی سیستەمەکەوە ڕاگیرابوو، ئێستا لە قۆناغی یەکەمدا لە هەردوو پارێزگای دهۆک و هەڵەبجە تۆمارکردنی ئەو منداڵانەی لەدایکبوون لە فۆرمی ئەلیکترۆنی دەستی پێکردووە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانیش دەست بەو پڕۆسەیە دەکەن.
بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەی بەوەش کرد، بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک چەند قۆناغێکە، لە قۆناغی دووەمدا هاووڵاتییان دەتوانن مامەڵەی گواستنەوەی بەشەخۆراک بۆ ئەو شوێنانەی دەیانەوێت ئەنجام بدەن، بەڵام ئەوەیان دەکەوێتە دوای تەواوبوونی قۆناغی تۆمارکردنی منداڵان.
سەبارەت بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە، نەوزاد شێخ کامیل دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و گوتی، ''دابەشکردنی بەشەخۆراک بەردەوامە و هیچ گرفتێکی نییە، هەموو ماددە پێویستەکان لە کۆگاکان ئامادەن و مانگانە لە کاتی خۆیدا لە ڕێگەی بریکارەکانەوە دابەش دەکرێن.
قائید میرۆ