هەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەم کردەوەیە هەوڵێکی "ترسنۆکانەیە" بۆ تێکدانی یەکڕیزی و ئاسایشی نیشتمانی وڵات.
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە پارێزگای دهۆک. ئەعرەجی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و پێشێلکارییەکی ڕاشکاوە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری گشتی.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم دەستدرێژییە ئامانجی لێدانی ئاسایش و یەکڕیزیی عێراقە، بۆیە پێویستە هەڵوێستێکی توند هەبێت بۆ لێپێچینەوە و سزادانی ئەو لایەنانەی بەرپرسن لەم هێرشە. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دووپاتی کردەوە کە حکوومەت هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ڕێگریکردن لە پەلکێشکردنی عێراق بۆ ناو ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی سەروەریی خاکەکەی بە ئەرکێکی سەرەکی دەزانێت.
ئەم هێرشە بۆ سەر شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە ئاڵۆزییەکی سەربازیی گەورەدا تێدەپەڕێت و پاش زنجیرەیەک هێرشی دیکە دێت بۆ سەر دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بووەتە هۆی دروستکردنی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و ئیدانەکردن لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و داواکارییەکان بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی هەرێم و عێراق چڕتر بوونەتەوە.