هەولێر-KDP.info- سەرکردایەتی و لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە تووندی سەرکۆنەی هێرشی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە هەمیشە لەگەڵ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبن.
لە پەیامێکی فەرمیدا، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، ''بەرپرسان و لایەنە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان (باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا) ئیدانەی هێرشی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد لە شاری دهۆک. لە پەیامەکەدا هاتووە، "ئێمە ئەم هێرشە شەرمەزار دەکەین و تەئکید دەکەینەوە کە لە بەرانبەر هەڕەشە و هێرشەکان، هەمیشە لە پەنای گەل و بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کوردستان دەبین."
هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە، کە پاراستنی ئاسایشی باشووری کوردستان ئەرکی هەمووانە و سەقامگیری هەرێم بە سەقامگیری تەواوی کورد و ناوچەکە هەژمار دەکرێت. ئەم هەڵوێستەی ڕۆژئاوای کوردستان دوای زنجیرەیەک هێرشی درۆنی دێت کە ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە پارێزگای دهۆک کردە ئامانج.
ئەم کاردانەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان لە کاتێکدایە، کە هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک شەپۆلێکی فراوانی ئیدانەکردنی نێوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە وەسف کراوە.