هەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هێرشی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێم، بە توندرین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات و دەڵێت، هەموو مافێکمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تیرۆریستانە هەیە و هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان دەیگرینە بەر.
شەممە، 28ـی ئاداری 2026، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتدا هاتووە، هێرشی ترسنۆکانەی درۆنی بۆ سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک، بە توندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین.
مەسروور بارزانی لە پەیامەکەیدا، جارێکی تر داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات، لە ئاستی بەرپرسیارییەتیدا بن و ئەم تاوانبارە لە یاسا دەرچووانە، ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە و سنوورێک بۆ بەردەوامیی هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم گرووپانە دابنێن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، سەرۆکی حکوومەت داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستەکان دەکات، یارمەتی هەرێمی کوردستان بدەن بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی هەرێمەکە.
مەسروور بارزانی لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، "هەموو مافێکمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تیرۆریستانە هەیە و هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان دەیگرینە بەر.