هەولێر-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، هێرشی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، ئەم پەلامارانە، بەشێکن لەو زنجیرە هێرشە دوژمنکارانەیەی کە ماوەیەکە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان و نانەوەی پشێوی ئەنجام دەدرێن.
شەممە، 28ـی ئاداری 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ناڕەوا و ترسنۆکانەیە دەکەن کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی دیکەی پارێزگای دهۆک.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەم پەلامارانە، بەشێکن لەو زنجیرە هێرشە دوژمنکارانەیەی کە ماوەیەکە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و نانەوەی پشێوی ئەنجام دەدرێن.
فراکسیۆنەکە دووپاتی کردەوە، ئەم جۆرە هەوڵە نەزۆکانە ناتوانن ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ پاراستنی قەوارە دەستوورییەکەی پاشەکشە پێ بکەن.
هاوکات داواکارە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە ئاشکرا بکەن و ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە.