ھەولێر-KDP. info- ئەمڕۆ شەممە 2026/3/28 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە بەڕێز ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆک ماکرۆن بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە ئهمڕۆ کرایە سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، هەروەها پشتگیریی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە.
سەرۆک ماكرۆن سەرەخۆشیی لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە کرد کە ڕۆژی 24ی ئەم مانگە لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێراندا لە سۆران شەهید بوون و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست.
لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندیی سەرۆک ماکرۆن و پشتگیریی بەردەوامی فەرەنسا و هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و لێکەوتەکانیان تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لە گرنگیى چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ کردەوە.