فازڵ میرانی
ئامادەگیی لەو سێ بوارەدا ئاماژەن بۆ سێ چەمک و ناونیشانی سەرەکی کە ئەگەر بەردەست نەبن و بوونیان نەبێت نابێ تەنانەت بەسەر زاریشماندا بێن، چونکە کە لە ڕاستیدا بوونیان نەبوو ئەوا جگە لە درۆیەکی شاخدار زیاتر نین. خۆ ئەگەر بەردەستن و بوونیان هەیە، ئەوا دەبێت قابیلی پێوانە و ئەزموونکردنیش بن.
زۆر کەس بە خۆشمەوە نیگەرانین لە لێدوانی ناکۆک و هاودژ سەبارەت بە ئامادەگی. سەرچاوەی ئەم نیگەرانییەش ئەوەیە کە کاتێک دەمانەوێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵانگارییە ڕاستەقینەکاندا ئامادەگییەکانمان لە مەیداندا تاقیبکەینەوە، لەئاستی چاوەڕوانییەکانماندا نابن و نائومێدمان دەکەن. ئەم نائومێدییەش تەنیا بەرهەمی پێشبینییەکانی ئەو کەسانەیە کە پێیان خۆشە لە بارەی ئامادەگییەوە باوەڕ بە هەر قسەیەکی بریقەدار بکەن. بەڵام من و ئەوانی دیکەش - بە هیوام ئەوانی دیکەش هاوڕام بن - دەبێ واقیعیانە بیر بکەینەوە، بۆ ئەوەی دواتر بە ئاکام و دەرئەنجامەکانی نەتاسێین و تووشی شۆک نەبین.
ئامادەگیی سیاسی نە لە بۆشاییدا لەدایک دەبێت و نە گەشەدەکات، نە دوانەی وەهمە و نە دەستەخوشکی خەیاڵ پڵاو. بنەمای ئامادەگیی سیاسی بریتییە لە توانای بەکارهێنانی ئەو کارتانەی سەنگ و پێگەی خاوەنەکەی پێشاندەدەن، یان بەلای کەمی بریتییە لە توانای سوودبینین لە پەیوەندییەکان بۆ ڕاکێشانی ئەو کارتانەی هەلی قازانجێکی ئابووری لە هاوکێشەکاندا دەڕەخسێنن، چونکە ئابووری شادەمار و بزوێنەری پشت هەموو دەردێکە و جەمسەرەکانی ئەم هاوکێشەیەش پێویستیان بە جۆرێک بنەمای سیاسی هەیە کە جێی متمانە بێت. بنەمایەک لە تێگەیشتنێکی ئابووری و دارایی ئەوتۆ کە دەستەڵاتی بڕیاردانی ڕوونی هەبێ و هەر هەمان دەستەڵاتیش بڕیار لە جووڵەی بدات.
هەڵبەتە ئەم بنەمایە بۆ پشکنین و تاووتوێکردنی ئەو یاسایانەش دروستە کە چەرخی ژیان لە چوارچێوەی کایەی نیشتمانیی هەموو قەوارەیەکی سیاسی یاساییدا هەڵدەسوڕێنێ، مەبەستیشمان پشکنینیانە لە ڕووی کوالێتیی کار و دەرئەنجام و ئاکامەکانی (قازانج و زەرەر) و ڕێژەی بزاوتی لەناو کایەی کار و بازرگانیی نێودەوڵەتیدا.
ئەمەش پەیوەستە بە ستراتیژی داو و دەزگەی جێبەجێکردنی گشتییەوە دوای ئەوەی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری ئەرکە بەردەوامەکانیان جێبەجێ دەکەن بۆ دابینکردنی کەڤەرێکی پاڵپشتیکار و بنەمایەکی یاساییش بۆ بزاوت و بەرەوپێشڤەچوونەکان کە ببنە مایەی بەدەستهێنانی سوود. ئەمە بۆ بەدیهێنانی ئاسایشیش ڕاستە چ بە مانا ئەبستراکتەکەی بێت یان بە مانا گشتگیرەکەی، کە ژیان و هەڵسوکەوتی تاکەکان و ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیانە بەپێی یاسا، لە ڕێگەی پلان و بەرنامەیەکی واقیعبینانەوە کە ڕێ نەدرێت بکەوێتە دەست کەسانی ناشارەزا یان بە تۆبزی و لە ڕێگەی زۆرەملێوە جێبەجێبکرێت، چونکە پەنابردن بۆ هەریەکێک لەو ڕێگەیانە ئاکامەکەی کارەسات و ماڵ وێرانییە.
ئامادەگیی سەربازی، پێکدێت لە سیستەمێکی ئاڵۆز و فراوانی ئۆپەراسیۆنەکان، کە ڕەنگە تەوەرە سەرەکییەکەی ئەوە بێت کە ئایا ئامادەگیی سەربازیی سنووردار یان فراوانمان پێویستە. وەڵامەکەی لە چەند فاکتەرێکدا دەبینرێتەوە، وەک ناوبانگ و متمانەی دەوڵەتەکە، دوکتورینی دەوڵەت بەرگریکارە یان فراوانخوازە، ئایا دەوڵەتێکی شەڕانگێزە یان نا، ئایا توانای بەکارهێنانێکی دروست و وەبەرهێنانی هەیە لەو داتا و زانیارییانەی لەبەردەستیان بۆ شیکاریی ونیشاندانی هێز و تواناکانی خۆی یان نا؟.
ناکرێ قسە لەبارەی ئەم جۆرە ئامادەگییانەوە بکرێت بەبێ فەراهەمکردن و هەبوونی ڕاستەقینەیان. لێدوان و قسەی زیادەڕەوی یان پڕوپاگەندەئاسا، خۆی لەبەردەم تاقیکردنەوەی مەیدانیدا ڕاناگرێت، بەوەش لاوازییەکان ئاشکرا دەبن کە لە ئەستۆی بڕیاردەران و ئەوانەدایە کە لاوازی دەخوڵقێنن (لاوازیسازان).
ئەم دۆخە جێگەی داخە، بەڵام چ من و چ کەسانیتریش لە هۆکارەکانی تێدەگەین و دەرئەنجامەکانیشی دەزانین.