ھەولێر-KDP.info- لە دوو نامەی جیاوازدا، هەردوو حکوومەتی ئەڵمانیا و (بەریتانیا)، هاوخەمی و سەرەخۆشی قووڵی خۆیان ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە کرد، بەبۆنەی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی قارەمان.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە: لە نامەکانیاندا هەردوو وڵات وێڕای دەربڕینی خەمبارییان، ڕێزیان لە قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگە گرتووە و خۆیان بە هاوبەشی خەمی گەلی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە دەزانن.
هەروەها لە نامەکاندا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان کراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە مێژوویی و هاوکارییانەی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان دێت لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکەدا.
جێی ئاماژەیە، دوێنێ بەرەبەیان، لە ھێرشێکدا بە مووشەکی ئێرانی، شەش پێشمەرگەی قارەمان، شەھید بوون.