هه‌ولێر -KDP.info- وه‌زیری ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی دۆخی بریندارانی هێرشی سه‌ر پێشمه‌رگه ده‌كات و ده‌ڵێت "سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وام چاودێری دۆخی برینداران ده‌كه‌ن و جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه ئه‌وه‌ی پێویست بێت بۆ برینداران ئه‌نجام بدرێت، ئێستا دۆخی سه‌رجه‌م برینداران باشه، ته‌نیا دوو بریندار نه‌شته‌رگه‌رییان بۆ ئه‌نجام دراوه و له‌ژێر چاودێری پزیشكی دان."
دكتۆر سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "دوای هێرشەکەی سه‌ر پێشمه‌رگه، به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی ته‌ندروستی سۆران، نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی و خه‌لیفان و به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی ته‌ندروستی هه‌ولێر له‌ڕێگه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شه‌قڵاوه و نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ریر پێكه‌وه و تیمه‌كانی ئه‌مبولانس و 122 گه‌یشتنه شوێنی ڕووداوه‌كه و بریندارەکانیان گواستنه‌وه، ئه‌وه‌ی پێویست بوو بۆ بریندارەکان كراوه، دوو بریندار پێویستیان به مانه‌وه‌ی زیاتر هه‌بوو له نه‌خۆشخانه‌ی ئیمرجینسی هه‌ولێر، دوێنێ چوار نه‌شته‌رگه‌ری و ئه‌مڕۆش نشته‌رگه‌رییان بۆ كراوه، یه‌كێك له‌وانه به‌شێكی سوتاوه و ساچمه‌یان به‌ركه‌وتووه، ئێستا له به‌شی چاودێری چڕن و ته‌ندروستیان جێگیره.
سه‌رۆك بارزانی به‌رده‌وام لێیانی پرسیوه، ئه‌مڕۆش مه‌لا مسته‌فا بارزانی به‌نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆك بارزانی سه‌ردانی كردوون، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌ته، ڕایسپاردووین ئه‌وه‌ی پێویسته بۆیان بكەین."
دكتۆر سامان به‌رزنجی گوتیشی "پێش ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ و ئه‌مجاره‌ش پلانی تۆكمه‌مان دانابوو، وه‌كو تیمی ته‌ندروستی و ئه‌مبولانس و نه‌خۆشخانه‌كانیش بۆ هێڵی یه‌كه‌م و هێڵی دووه‌م، به‌پێی قه‌باره‌ی ڕووداوه‌كان دابەشکراون، بۆیە تیمه‌كان به‌رده‌وام له ئاماده‌باشیدان، هه‌موو هاووڵاتییه‌ك لەکاتی پێویست ده‌توانێ په‌یوه‌ندی به ژماره 122 بكات."
بڵند ئیبراهیم