هەولێر-KDP.info- ژمارەیەک حزب و ھێزی تورکمانی لە بەیاننامەیەکی ھاوبەشدا ئیدانە و سەرکۆنەی ھێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر بارەگای ھێزی پێشمەرگەیان لە چیای سپیلک کرد کە بەھۆیەوە ٦ پێشمەرگەی قارەمان شەھید بوون و ٣٠ دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٤ـی ئاداری ٢٠٢٦، حەوت لایەنی سیاسیی تورکمانی لە ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە، لە ڕاگەیەندراوی حزب و ھێزە تورکمانییەکاندا ھاتووە، "ئێمە ئەو ھێزە تورکمانیانەی کە ناومان لە خوارەوە ھاتووە، ئەو ھێرشە ناڕەوایانەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر پێشمەرگەکانی ھەرێمی کوردستان ئیدانە و سەرکۆنە دەکەین، کە بووە ھۆکاری شەھیدبوونی ژمارەیەک لە پێشمەرگە قارەمانانەی کە پارێزەری ئارامی و سەلامەتی خەڵکی کوردستانن بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە".
لە ڕاگەیەنراوەکە ھەروەھا ھاتووە، "سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان و کەسوکاری شەھیدە قارەمانەکانمان دەکەین و لە خودای گەورە دەخوازین بە بەھەشتی بەرینی شادیان بکات، داوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران لە خودای گەورە دەکەین".
حزب و ھێزی تورکمانییەکان ئاماژەیان بەوەشداوە، "پێویستە حکوومەتی عیراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سنوورێک بۆ ئەم ھێرشانەی سەر ھەرێمی کوردستان دابنێن کە ھەرێمی تەبایی و پێکەوەژیانی پێکھاتە ئاینی و نەتەوەکانە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست".
ئەمەی خوارەوە ناوی ئەو حزب و ھێزە تورکمانانەیە کە ڕاگەیەنراوەکەیان بڵاوکردۆتەوە:-
پارتی گەشەپێدانی تورکمان
پارتی دیموکراتی تورکمان
بزوتنەوەی دیموکراتی تورکمان
پارتی گەزەنگی تورکمانی - کەرکوک
پارتی رزگاری نەتەوەیی تورکمان
پارتی نیشتمانی تورکمانی
پارتی یەکگرتووی تورکمانی