ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی سەبارەت بەو ھێرشەی بە مووشەکی ئێرانی کرایە سەر بارەگاکانی ھێزی پێشمەرگە پەیامێکی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتیی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكەم کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە موشەکی ئێرانی كرایە سەر بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. بە داخێكی زۆرەوە لە ئەنجامدا ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادەی شەهیدانی ئەو پەلامارە ناڕەوایە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازم.
ئەو پەلامارە دوژمنكارانەیە و، هیچ پاساوێك هەڵناگرێت. ئەوە بۆ جاری چەندەمە ئەم جۆرە هێرشانە بە بێ گوێدانە بنەماكانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی بەرانبەر هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت. ئەوە لە حاڵێكدایە كە هەرێمی كوردستان بەشێک نەبووە لەم شەڕەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە و هیچكات هەڕەشە نەبووە بۆ سەر دراوسێکان.
پێشمەرگە ئازیزترین و بەنرخترین سەرمایەی گەلەکەمانە.
مسعود بارزانی
24ی ئاداری 2026