هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، دۆخی کۆکردنەوەی ئاو لە بەنداوەکاندا بە زۆر باش وەسف دەکات و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی ئەم دواییە، تەنیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بڕی ٢٤٢ ملیۆن مەتر سێجا ئاو هاتووەتە ناو هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخانەوە، جەختیش دەکاتەوە کە بەنداوە بچووک و مامناوەندەکان بە تەواوی پڕ بوون.
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''بەهۆی هاتنی بارانێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا دۆخی بەنداوەکان گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە، بە جۆرێک تەنیا لەو ماوەیەدا ٢٤٢ ملیۆن مەتر سێجا ئاو ڕژاوەتە ناو هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخانەوە.
سەبارەت بە ئاستی بەرزبوونەوەی ئاو، خانی ئاماژەی بەوە کرد، ''لەو ماوەیەدا ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان ٨٣ سانتیمەتر و بەنداوی دەربەندیخان ٣٠ سانتیمەتر بەرز بووەتەوە. هەروەها بەنداوی دهۆک ٢.٥ ملیۆن مەتر سێجا داهاتی ئاوی هەبووە و ئاستەکەی یەک مەتر بەرز بووەتەوە، هاوکات بەنداوی گۆمەسپانیش نیو ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێچووە و بەنداوە بچووک و ناوەندەکانیش بە تەواوی پڕ بوون.
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان گوتیشی، ''بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و بۆ پاراستنی هاوسەنگی، ئەمڕۆ بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان زیاتر دەکرێت.
لە کۆتاییدا ڕەحمان خانی جەختی کردەوە کە پلانی کۆگاکردن و بەردانەوەی ئاو بە شێوازێکی تەواو زانستی و سەرکەوتووانە بەڕێوە دەچێت، چونکە ئاستی ئاوی بەنداوەکان زۆر زیادی کردووە و ئەمەش مژدەیەکی گەورەیە بۆ ئایندەی کشتوکاڵ و ئاسایشی ئاو لە هەرێمی کوردستاندا.
بڵند ئیبراهیم