هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پێشووی بەنداوەکانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینە چاوەڕواننەکراوەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە، ئاستی خەزنکردنی ئاو لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر باش، جەختیش دەکاتەوە کە بەنداوە بچووک و مامناوەندەکان بە تەواوی سەرڕێژ بوون و بەنداوە گەورەکانیش بڕێکی زۆر ئاویان تێدا گلدراوەتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو، هەڵمەتێکی گەورەی بۆ دروستکردنی بەنداوە گەورە و مامناوەندەکان دەست پێکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی سوود لە ئاوی باران وەربگیرێت و شارەکانیش لە مەترسیی لافاو بپارێزرێن.
ئەکرەم ئەحمەد، شارەزا و بەڕێوەبەری پێشووی بەنداوەکانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''بارانی ئەمساڵ لە دەرەوەی پێشبینییەکانمان بوو و بڕێکی زۆر باریوە، ئەمەش بووەتە هۆی بووژانەوەی سەرچاوە و کانی و کانیاوەکان لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا.
سەبارەت بە ئاماری خەزنکردنی ئاو لە بەنداوە گەورەکاندا، ئەکرەم ئەحمەد گوتی، ''بەنداوی دووکان سێ ملیار مەتر سێجا، بەنداوی دەربەندیخان دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاویان تێدا کۆبووەتەوە و بەنداوی دهۆکیش نزیک بووەتەوە لە سەرڕێژبوون. هاوکات ٢١ بەنداوی بچووک و مامناوەند بە تەواوەتی سەرڕێژیان کردووە.
ئەو شارەزایەی بواری ئاو ئاماژەی بەوەش کرد، کە شارەکانی کوردستان کەوتوونەتە نێوان ڕووبار و بەنداوەکان، بۆیە دەتوانرێت بە شێوازێکی زانستی ئاسایشی ئاو بۆ خواردنەوە، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دابین بکرێت. گوتیشی، ''دیزاینی ٨ بەنداوی گەورەمان لەسەر ڕووبارەکان ئامادەیە، کە جێبەجێکردنیان ئاسایشی ئاوی کوردستان بۆ چەندین ساڵی وشکەساڵی زامن دەکات.
لە کۆتاییدا، ئەکرەم ئەحمەد پێشبینی کرد لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا (چوار و پێنج) بارانبارینی باش بەردەوام بێت، ئەمەش وا دەکات ئاوی زیاتر بڕژێتە بەنداوەکان و ئاوی ژێرزەویش زیاتر ببووژێتەوە.
عەزیز ڕەسووڵ