سۆران-KDP.info- ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خۆی بۆ ڕاگەیاندنی یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە ستراتیژییەکانی ڕێگەوبان ئامادە دەکات. ئەندازیار سامان ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی زانیاریی دڵخۆشکەر دەربارەی پڕۆژەی شەقامی ٤٠ مەتری سۆران دەخاتە ڕوو.
ئەندازیار سامان ئەحمەد، سەرپەرشتیاری نوێترین پڕۆژەی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "پڕۆژەی شەقامی ٤٠ مەتری پێش وادەی خۆی تەواو کراوە و بۆ نەورۆز دەکرێتەوە. ئەو ئەندازیارە گوتی، گوژمەی پڕۆژەکە نزیکەی ٥٠ ملیار دینارە و درێژی شەقامی ٤٠ مەتری ٣٣٠٠ مەتر دەبێت، هاوکات پڕۆژەکە لە هۆڵی بۆنەکانەوە تا شەهیدانی ئازادی دەگرێتەوە.
ئەندازیار سامان ئەحمەد دەشڵێت، "پڕۆژەکە بەرزە پردێکیش لەخۆ دەگرێت بە درێژی ٣٠٠ مەتر و بەرزی ٣٢ مەتر. هاوکات سەرجەم بڕگەکانی پڕۆژەکە بە کواڵیتی بەرز و ستانداردی جیهانی جێبەجێ کراوە. هەروەها تەواوی پڕۆژەکە بە هێزی کاری ناوخۆ جێبەجێ کرا، ئەمەش وای کرد هەلی کار بۆ هاووڵاتیانی دەڤەرەکە بڕەخسێت.
ئەندازیار سامان ئەحمەد گوتیشی، "لە ئێستادا پڕۆژەکە لە قۆناغی کۆتایی دایە وەک چاندنی دار و هێڵکاری و خاوێنکردنەوەی شەقامەکان. وادەی پڕۆژەکە مانگی ٨ـی ئەمساڵ (٢٠٢٦) بوو بەڵام ئێمە ٦ مانگ پێش وادەی خۆی کۆتاییمان پێهێنا و بۆ نەورۆز دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییانی دەڤەرەکە.
ئەژین غەفار