شارەزوور-KDP.info- بە بۆنەی ١٢٣یەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕابەری نەتەوەیی کورد، مستەفا بارزانی نەمر، لە سنووری قەزاکانی خورماڵ و سەیدسادق ھەڵمەتێکی بەرفراوانی نەمامچاندن ئەنجام درا.
نەسرین عەبدولقادر، کارگێڕی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەسەر ئاستی لیژنە ناوچەکانی خورماڵ، سەیدسادق و سوورێن، بە ئامادەبوونی کادیران و جەماوەری پارتی، ھەڵمەتێکی فراوانی سەوزکردنی ناوچەکە بەڕێوەچوو."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێبازی بارزانی ھەمیشە جەخت لەسەر ژینگەدۆستی و فراوانکردنی ڕووبەری سەوزایی دەکاتەوە، ھاوکات وتیشی: "ساڵانە لە سنووری لقی ١٢ و لە یادی لەدایکبوونی بارزانی نەمردا، ئەم ھەڵمەتە ئەنجام دەدەین، مەبەستمان لێی خزمەتکردنە بە ژینگەی نیشتمان و زیادکردنی ڕووبەری سەوزاییە."

سەبارەت بە پەیامی ئەم چالاکییە لە ئێستادا، نەسرین عەبدولقادر وتی: "لە کاتێکدا ناوچەکە لەناو ئاگر و وێرانکاریی جەنگدایە، ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی ئەم ھەڵمەتەوە بە جیھان بڵێین کە گەلی کورد و ڕێبازی بارزانی لایەنگری ئاشتی و پاراستنی ژینگەن."
لە کۆتاییدا ڕوونیشی کردەوە کە پڕۆسەی چاندنی نەمامەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ شارەوانییەکانی ناوچەکە و بە شێوازێکی ئەندازەیی لە شەقام و بەرزاییەکاندا جێبەجێ کراوە، تا دیمەنێکی جوان و شارستانی بە ناوچەکە ببەخشن.
عەزیز ڕەسووڵ