هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، ١٠ـی ئاداری ٢٠٢٦، لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، یادی ڕۆژی جلی نەتەوەیی دەکرێتەوە. لەم ڕۆژەدا هاووڵاتیان، فەرمانبەران و قوتابیان بە پۆشینی جلی ڕەسەنی نەتەوەیی، تابلۆیەکی دەوڵەمەندی کلتووری و پێکەوەژیان پێشان دەدەن.
ئەم یادە تەنیا تایبەت نییە بە کورد، بەڵکو تورکمان، ئاشووری، سریان و کلدانەکانیش بە جلی کلتووریی خۆیانەوە بەشداری دەکەن. ئەم هەمەجۆرییە ڕەنگدانەوەی ئەو بەیەکەوەژیانە ئاشتییانەیەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا وەک مۆدێلێکی سەرکەوتوو بوونی هەیە، کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان شانازی بە ناسنامەی نەتەوەیی و کلتووریی خۆیانەوە دەکەن.
بڕیاری دیاریکردنی ١٠ـی ئادار وەک ڕۆژی جلی نەتەوەیی، مێژوویەکی ١٦ ساڵەی هەیە و ساڵی ٢٠١٠: وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا ئەم ڕۆژە وەک نەریتێکی ساڵانە لە ناوەندەکانی خوێندن پەیڕەو بکرێت و ساڵی ٢٠١١ش ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمی ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی جلی نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان پەسەند کرد.
جلی کوردی کە مێژوویەکی سەدان ساڵەی هەیە، تەنیا پۆشاک نییە، بەڵکو هێمایەکی زیندووی نەتەوەییە. بەپێی جوگرافیا و هۆزەکان، چەندین شێوازی جیاوازی هەیە، بەڵام هەموویان لە ژێر چەتری یەک شوناسدا کۆدەبنەوە.
هاوکاتبوونی ئەم ڕۆژە لەگەڵ مانگی ئادار کە پڕە لە یادە نەتەوەییەکانی وەک ڕاپەڕین و جەژنی نەورۆز، مۆسیقایەکی نەتەوەیی و کلتووریی تایبەت بە کوردستان دەبەخشێت."