سلێمانی-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٦/٣/٣، عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕین، بە یاوەری د. ئەشواق جاف، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی مەکتەب، لە شاری سلێمانی سەردانی (بنکەی ژین)یان کرد.
شاندی مەکتەبی ڕێکخستن لە لایەن سەرۆک و ئەندامانی (بنکەی ژین)ەوە پێشوازییان لێ کرا. مەبەستی سەرەکیی سەردانەکە دەربڕینی سوپاس و دەستخۆشی بوو بۆ کارمەند و بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندە گرنگە کە وەک پارێزەری مێژوو و ئەدەبی کوردی ناسراوە.
لە بەشێکی سەردانەکەدا، عەلی حوسێن و شاندی یاوەری، بەشە جیاوازەکانی بنکەکەیان بەسەرکردەوە، لەوانە، کتێبخانە و ئەرشیفی دەستنووسەکان، بەشی دیجیتاڵکردنی بەڵگەنامە مێژووییەکان، پێشانگای فۆتۆگرافی و ئەرشیفی دەنگ و ڤیدیۆ.
لە کاتی بەسەرکردنەوەی بەشەکاندا، تیشک خرایە سەر ئەو بڕە دەوڵەمەندەی ئەرشیفی نەتەوەیی، بەتایبەت ئەرشیفی پەیوەست بە بارزانی نەمر و مێژووی شاری سلێمانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، کە لە بنکەی ژین بە شێوازێکی زانستی پارێزراون.
عەلی حوسێن سوپاس و ستایشی تایبەتی ئاراستەی سەرۆک و یەک بەیەکی فەرمانبەرانی بنکەی ژین کرد لە پای ڕۆڵە نیشتمانییەکەیان و گوتی، ''ئەو هەوڵانەی ئێوە بۆ کۆکردنەوە و بەئەرشیفکردنی کەلەپووری کوردی ئەنجامی دەدەن، خزمەتێکی گەورەیە بە ناسنامەی نەتەوەکەمان و نەوەکانی داهاتوو.
جەختیشی کردەوە کە بنکەی ژین وەک شادەمارێکی زیندووی کلتووری، جێگەی بایەخ و پشتیوانیی هەمیشەیییە.

