هەولێر-KDP.info- سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ هاوکاریکردنی ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت لە دەرەوە بگەڕێنەوە هەرێم، ژوورێکی هاوبەش و دوو هێڵی گەرمیان دابین کردووە، جەختیش دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی بووە و رێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.
سەفین دزەیی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان راگەیاند، بەداخەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووچاری شەڕ و پێکدادان بووەتەوە و هەمیشە خەڵکی مەدەنی دەبنە قوربانی یەکەم، هیوادارین ئەم بارودۆخە زوو کۆتایی بێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەفین دزەیی گوتی، وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵمان داوە بە هانا و دەنگی هاووڵاتییانمانەوە بچین. بەر لە دوو ڕۆژ کۆبوونەوەیەکی فراوانمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەنجامدا و ژوورێکی هاوبەشمان لە JCC پێکهێناوە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکان گوتیشی، "رێکارێکمان داناوە بۆ کردنەوەی دوو هێڵی گەرم، تاوەکو هاووڵاتییانمان لە وڵاتانی کەنداو، ئەوروپا و هەر شوێنێکی دیکە بن، بتوانن پەیوەندی بکەن و زانیارییان لێ وەربگیرێت، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە و زووترین کات بیانگەڕێنینەوە هەرێمی کوردستان."
سەفین دزەیی سوپاسی کونسوڵخانەی تورکیای کرد بۆ هەماهەنگییان لە پێدانی ڤیزەی 5 ڕۆژی بەو کەسانەی دەیانەوێت لە ڕێگەی وشکانییەوە بگەڕێنەوە هەرێم. سەبارەت بەو هاووڵاتییانەشی لە ئێرانن بۆ چارەسەری یان خوێندن، ڕاگەیاند کە دەتوانن لە ڕێگەی دەروازەکانەوە بگەڕێنەوە، بەڵام لە ئێستادا ڕێگە نادرێت کەس لە هەرێمەوە بچێتە ناو ئێران.
سەبارەت بە هێرشەکان، ڕوونی کردەوە کە کونسوڵخانەی ئەمریکا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کراونەتە ئامانج، کە بەشێکیان درۆن بوون و لە ناوخۆی عێراقەوە لە لایەن هەندێک "میلیشیای لەیاسا دەرچوو" ئاراستە کراون، بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندی بە بەغداوە کراوە تاوەکو کۆنتڕۆڵی ئەو میلیشیایانە بکەن.
دەربارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا، سەفین دزەیی گوتی، "ئەمریکا لە ساڵی 1991ـەوە پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بووە و ناوچەی دژەفڕینیان بۆ دابین کردووین، هەروەها لە شەڕی داعش لە ساڵی 2014 پاڵپشتمان بوون، بۆیە ئەم پەیوەندییە وەک هاوپەیمان شتێکی نوێ نییە."
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە سیاسەتی حکوومەتی هەرێم ئەوەیە هەمیشە فاکتەری سەقامگیری بێت و گوتی، "رێگە نادەین خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانمان، چونکە عێراق خۆی کێشەی زۆرە و نابێت رابکێشرێتە ناو شەڕێک کە شەڕی ئەو نییە."