لیزا فەلەکەدین کاکەیی
پازدە ساڵ ڕاستگۆیی، تەنها ژمارەیەک نییە لە مێژووی میدیادا، بەڵکو پێوانەیەکە بۆ ئاستی بەرپرسیاری و هاوسەنگی لەگەڵ ڕاستیدا. ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم ماوەیەدا خۆی وەک دەنگێکی جێگیر و متمانەپێکراو ناساندووە، دەنگێک کە لە پێشەنگی هەواڵدا وەستاوە.
ئەم ماڵپەڕە لە کاتی ئاڵۆزی و گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، هەمیشە هەوڵی داوە ڕووناکی بخاتە سەر ڕووداوەکان و بە شێوەیەکی بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ زانیاری بکات.
لە فەلسەفەی میدیادا، ڕاستگۆیی بنەمای متمانەیە، ئەگەر متمانە نەبێت، هەواڵ تەنها دەبێتە دەنگێکی بێڕۆح. ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان توانای ئەوەی هەبووە کە ئەم متمانەیە دروست بکات و بپارێزێت. بە تەمەنی کورت بەراورد بە هەندێک لە دامەزراوە میدیاییەکان، بەڵام بەرهەمی قووڵ و کاریگەرییەکی فراوانی هەبووە، وەک گوڵەگەنمێک کە لە کاتێکی کەمدا خەرمانێکی پڕ بەرھەم دەدات.
لە ڕۆژنامەوانیی ئەلەکترۆنیی کوردیدا، ئەم ماڵپەرە توانیویەتی شوێنێکی تایبەت بۆ خۆی دروست بکات و ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ خوێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە.
هەروەها، ماڵپەڕی فەرمی تەنها پەیامگەیەکی هەواڵ نییە، بەڵکو مەیدانێکە بۆ وتار، بۆ بیرکردنەوە، بۆ گفتوگۆی سیاسی و کلتووری. دەیان وتار و بابەتی نووسەرانی جیاواز، (کە منیش بەشێک لێیانم)، لەم لاپەڕانەدا بە خوێنەران ئاشنا کراون و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ماڵپەڕەکە باوەڕی بە ئازادیی بیروڕا و پەرەپێدانی هۆشیاریی گشتی هەیە. ئەم فەزایە، فەزایەکی هاندانە بۆ نووسەر و خوێنەر هەردووکیان، چونکە هەردووکیان لە دروستکردنی پێگەیەکی باڵا و پاشخانێکی مەعریفیدا بەشدارن.
لە ڕوانگەیەکی سیاسی - فەلسەفییەوە، میدیا ئەگەر خزمەتی خاک و نەتەوە نەکات، لە مانای خۆی دابڕاوە. ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ژێر ئاڵای خزمەتکردنی بزوتنەوەی سیاسی، کلتووری و دیموکراسی، هەوڵی داوە دەنگی نەتەوە بپارێزێت و بە هۆشیاری و لێپرسراوی پەیامی خۆی بگەیەنێت. ئەمە تەنها کاری ڕۆژانە نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی درێژخایەنی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئاگادار و بەشدارە.
لە کۆتاییدا، پیرۆزبایی بۆ هاوڕێیانی دەستەی ماڵپەڕ، ئەمەش نەک تەنها پیرۆزباییەکی ڕێزمانییە، بەڵکوو بانگەوازێکە بۆ بەردەوامی و پەرەپێدان.
هیوادارم ئەم ماڵپەڕە هەروا بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی ڕاستی، لە پاراستنی متمانە و لە پەرەپێدانی ڕوانگەی سیاسی و کلتووریی کوردی، چونکە نەتەوەیەک بە میدیایەکی بەرپرسانە دەگەیەنرێت بە ئاسۆی دیموکراسی و سەربەخۆیی یەکجارەکی.
ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و یاریدەدەری بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان