فازڵ میرانی
لە جیهانی ئەمڕۆدا، میدیا تەنیا ئامرازێکی گەیاندن نییە، بەڵکو بڕبڕەپشتی شۆڕشی زانیاری و گۆڕەپانی ململانێی فیکری و سیاسییە. لەم قۆناغە هەستیارەدا کە "زیرەکیی دەستکرد" سنوورەکانی مەحاڵی بەزاندووە، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک دێرینترین و کاریگەرترین بزاڤی ڕزگاریخوازی نیشتمانی، سەلماندوویەتی کە هەمیشە لە نوێبوونەوە و پێشەنگایەتیدا دەمێنێتەوە. پارتی، کە هەشت دەیە پەیامکێشی شکۆی نەتەوەیی بووە، لە ڕاگەیاندنیشدا هەمیشە وەک "سەرمەشقی داهێنان" و "قەڵای هۆشیاری" دەرکەوتووە.
دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP.info) بەر لە پازدە ساڵ، تەنیا وەڵامدانەوەیەک نەبوو بۆ خواستی تەکنەلۆژیا، بەڵکو وەرچەرخانێکی ستراتیژی بوو لە مێژووی خەباتی دیجیتاڵیی پارتیدا. ئەم سەکۆیە بووە یەکەمین زمانحاڵی ئەلیکترۆنی کە توانی پەیامی ڕێبازی بارزانی نەمر لە چاپکراوە کلاسیکییەکانەوە بگوێزێتەوە بۆ جیهانی بێ سنووری ئینتەرنێت، تا ڕاستییەکان بەبێ دەستکاری بگەنە هەر چوار پارچەی کوردستان و تاراوگە.
پەخشی ماڵپەڕەکە بە زمانەکانی کوردی (بە هەردوو ڕێنووسی کوردی و لاتینی) و عەرەبی، گوزارشت لە دیدگایەکی فراوان دەکات بۆ کارلێککردن لەگەڵ تێکڕای مرۆڤی کورد و گەلانی دراوسێ. بەو پێیەی نەتەوەی عەرەب هاوبەش و دراوسێیەکی مێژووییە، لینکی عەرەبیی ماڵپەڕەکە بووەتە پەنجەرەیەکی ڕوون بۆ تێگەیشتنی دەرەوە لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و پوچەڵکردنەوەی هەموو ئەو چەواشەکارییانەی دژ بە هەرێمی کوردستان دەکرێن.
بۆ ئەوەی (KDP.info) لە لوتکەی پێشبڕکێی میدیایی بمێنێتەوە، پێویستە لە هەنگاوە داهاتووەکانیدا بە زمانەکانی ئینگلیزی، فارسی و تورکیش پەیامەکانی بڵاوبکاتەوە. ئەمە پێویستی بە وەبەرهێنانی زیاتر هەیە لە "سەرمایەی مرۆیی" و "تەکنیکە لۆجیستییەکان" تا ماڵپەڕەکە تەنیا وەک گواستەرەوەی هەواڵ نەمێنێتەوە، بەڵکو ببێتە ناوەندێکی گەورەی شرۆڤە، لێکۆڵینەوە و ئاراستەکردنی ڕای گشتی لەسەر ئاستی جیهانی.
لە پازدەهەمین ساڵیادی ئەم سەکۆ شکۆدارەدا، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و تێکڕای کادیر و کارمەندانی ماندوونەناسی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەکەین. ئێوە پارێزەری سەنگەری ڕاستگۆیین، هیوای ئێمە ئەوەیە کە (KDP.info) هەردەم وەک قەڵایەکی بەرز و ڕوو لە گەشە، لە خزمەت ئامانجە باڵاکانی کورد و کوردستاندا بێت.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٨ / ٢ /٢٠٢٦