هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و لێکەوتە خراپەکانی تەکنەلۆژیاوە، هێزەکانی پۆلیس، پشت بە سیستمی نوێ دەبەستن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو تاوانانە.
(عەمید کامل بەرزنجی)، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، سەرجەم بەشەکانی پۆلیس ڕاسپێردراون بە شێوازێکی زانستی و یاسایی مامەڵە لەگەڵ کەیسە ئەلیکترۆنییەکاندا بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش هەڵمەتێکی گشتگیری هۆشیاری لە قوتابخانەکان و ناوەندەکان دەستی پێکردووە بۆ ناساندنی مەترسییەکانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان.
پەیوەست بە ئامادەکاری و گرتنەبەری ڕێوشوێنە پێویستە یاساییەکان، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕوونی دەکاتەوە، بەشی (IT)ی پۆلیسی هەولێر بە ڕاسپاردەی وەزیری ناوخۆ چالاک کراوە و شەو و ڕۆژ لە خزمەت هاووڵاتیاندایە بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەی تۆمەتباران و دەستگیرکردنیان بەپێی یاسا.
ئومێد بابان