ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆشوا ھاریس ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، دۆخی گشتیی عێراق و گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی فیدراڵ و ھەرێم تاوتوێ کرا.
ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پێویستیی پێکھێنانی حکوومەتێکی بەھێز لە عێراق لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و سیستەمی فیدراڵی و قەوارە و مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان. حکوومەتێک بێت کە بێ جیاوازی خزمەتی ھەموو ھاووڵاتییانی عێراق بکات.
ھەروەھا جەختیان لە گرنگیی پێکھێنانی کابینەیەکی بەھێز و سەرتاسەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە سەرۆکی حکوومەت کرد بۆ چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا.
