هەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە شاندێکی گرووپی پەرلەمانتارانی شانشینی یەکگرتوو تایبەت بە ئازادی ئایینی کرد و دووپاتی کردەوە ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە بەھێزکردن و پەرەپێدانی زیاتری کولتووری بەیەکەوەژیان.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ـی شوبات، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی گرووپی پەرلەمانتارانی شانشینی یەکگرتوو (APPG) تایبەت بە داکۆکیکردن لە ئازادی ئایینی بە سەرۆکایەتی جیم شانۆن، ئەندامی پەرلەمان و بەرپرسی گرووپەکە کرد.
لە دیدارەکەدا، شاندەکە کورتەیەکیان دەربارەی گرووپەکەیان و ئامانجی سەردانەکەیان بۆ ھەرێمی کوردستان خستەڕوو. شاندەکە بە پێزانیێکی زۆرەوە، دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکھاتە جۆراوجۆرەکان و ئازادیی ئاینییان لە ھەرێمی کوردستان نرخاند .
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کورستان بەردەوام دەبێت لە بەھێزکردن و پەرەپێدانی زیاتری کولتووری بەیەکەوەژیان و پاراستنی مافی گشت پێکھاتەکان و برەودان بە بنەماکانی ئازادیی بیروباوەڕ و ئازادیی ئایینی و تەبایی نێوان گشت پێکھاتەکانی کوردستان.
