Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 17 FEB 2026 01:54 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ڕۆژ نوری شاوەیس تێکۆشەر و سیاسەتمەدار
| KDP.info


فازڵ میرانی

سێ وێستگە حوكم بەسەر یادەوەریماندا دەكەن، یادەوەرییەکی مرۆیی کە وێنەی هەڵسوکەوتەکانمان لە یەکەم دیدارەوە تا کاتی کۆچکردنی بۆ دەهێنێتەوە یاد، یادەوەریی خەبات بە هەموو وردەکارییەکانی خۆڕاگری و سەختیی ڕێگا، یادەوەریی بنیادنان بە هەموو ماناكانی بنیادنانەوە. 

ئەم یادەوەرییانە خاڵە هاوبەشەكانی نێوان تێکۆشەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانن، (ڕۆژ نووری شاوەیس)ـیش پێگەیەکی فراوانی لە هەموو یادەوەرییەکانماندا هەیە.

لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، (شاوەیس) دوای گەشتێکی چەندین دەیەی زەمەن، کە سەختترین ساڵانی خەباتی گەلەکەمان بوون و تێیدا دڕندانەترین شەڕەکانی بەرپەرچدانەوە ڕوویاندا و هەموومان لە یەک سەنگەردا بووین، سەنگەرێک کە هێشتا شوێنپێی (شاوەیس) و شوێنەواری هزر و کردار و تێکۆشانی ئەوی پاراستووە، دوایین هەناسەكانی بەخشی و كۆچی دوایی كرد.

بیرکردنەوە، هەوڵدان، دڵسۆزیی، باوەڕبوون بە دۆزەكە و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و بە سەرکەوتوویی و جێبەجێکردنی، هەموو ئەمانە لە کەسایەتیی خوالێخۆشبوو (ڕۆژ)ـدا ڕەنگیان دابووەوە.

لە سەردەمی گەنجیماندا، لە قوتابخانەی (بارزانی)ـدا خەباتمان پێکەوە بەش کرد و لەسەر هەمان ڕێباز شەو و ڕۆژمان دەخستە سەر یەک، هەروەک چۆن نان و فیشەکی بەرگری و ڕووناكیی فانوسی بارەگا و پرس و باسەكانمان پێکەوە بەش دەکرد.

لە چیاکانی کوردستانەوە بۆ هەندەران، تا دەگاتە بەرە فراوانەكانی شەڕ، کە پێویستییان بە پیاوی ئازا و خاوەن هیممەت بوو، (شاوەیس) بە قسەو بە كردەوەش قارەمانێتیی دەنواند و دەبوو حیسابی بۆ بكرێت.

هاوڕێیەکی دڵسۆز و هەڵگری میراتی بنەماڵەکەی بوو، کە پێش خۆی کەوتبوون، ئەویش شوێنپێی ئەوانی هەڵگرت لە گرتنەبەری ڕێگاکانی هەڵستانەوە و ڕاپەڕینی نەتەوەکەی. بەمەش شوێنەوار و مێژوویەکی پڕ لە ڕۆشنبیری و سیاسەت و ڕەسەنایەتیی لە خەباتدا کۆکردەوە، خاوەن کەسایەتییەکی ئارام و ئامادەبوونێکی کاریگەر و بەڵگەی یەکلاکەرەوە بوو.

هەروەک چۆن لە ژێر دووکەڵی شەڕەکاندا بوو، ئاوەهاش دانوستانکارێکی زمانپاراو و نوێنەرێکی ئەمین و متمانەپێكراو بوو، کە نوێنەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکرد. هەمیشە لە ئاستی ئەو متمانە و هەڵبژاردنەدا بوو و نموونەیەکی دووبارەنەبووەوە بوو. وتەبێژێک بوو، کە کەس لە قسەکردندا پێشی نەدەکەوت و بڕیارەکانیشی مایەی سەرکەوتن بوون.

ڕۆژ نوری شاوەیس، نموونەی تێکۆشەرانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕین و ئاوەدانکردنەوە بوو، ئەو ئاوەدانکردنەوەیەی ژیان و ئارامیی بۆ گەلی کوردستان و پێکهاتەکانی گەڕاندەوە. پیاوێکی قووڵ لە بیرکردنەوە و دەستپێشخەر لە کردار بوو، دڵسۆز بوو بۆ حزبەكەی، پێش هەموو ئەمانە و دوای هەمووشیان، مرۆڤێک بوو خاوەن دڵێکی پاک، کە تۆز و غوباری شەڕ ڵێڵی نەکرد بوو و گرمە و نركەی چەکیش ڕۆحیەتی نەترساند بوو.

لەسەرەتای گەنجیمانەوە یەکترمان ناسی، لەنێوماندا بوو وەک ئەوەی هەر ئەمڕۆ بێت، کاتێک بە وێنەکانی ڕابردوودا دەچینەوە، دەبینین چۆن ساڵانێک بەسەر نەوەی ئێمەدا تێپەڕین و لە هیچ شوێن و ئەرکێکدا درێغیمان نەکرد لەپێناو بەردەوامیی خەباتدا.

ڕۆژ نوری شاوەیس، تێکۆشەرێکە ژیاننامەکەی لە یاد ناچێتەوە، پیاوی دەوڵەتداریی بوو، خاوەنی هزری دامەزراندن و بنیادنان بوو، کە شایستەی ئەوەیە سوودی لێ وەربگیرێت، پەرلەمانتارێکی کارامە و جەمسەرێكی کاریگەر بوو لە دانوستاندا.

گەلەکەمان و حزبەكەمان و هەموو تێکۆشەرێکی کوردستان و عێراق، یادی دەکەنەوە و ڕۆژێکیش دێت کەسانی دیکەش یادی بکەنەوە کە تێکۆشەرێکی کورد و کوردستانی بە ناوی (ڕۆژ نوری شاوەیس)، بە دڵسۆزییەوە کاری کردووە بۆ عێراقێکی باشتر و کوردستانێکی گەشاوەتر، و دوای ئەوەی هەموو توانایەکی خۆی لەپێناو نەتەوەکەیدا بەگەڕ خست، بەرەو ڕەحمەتی خودا کۆچی دوایی کرد.

خوای گەورە لێت خۆش بێت، (ڕۆژ)ـی برا و هاوڕێم.

ڕەحمەتی خوا لە هەموو دڵسۆزێکی دۆزەکەی بێت.

ڕەحمەتی خوا لە مستەفا بارزانی و ئیدریسی هەمیشە زیندووی ناو دڵان بێت.

 

و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن 

 




دوایین هەواڵەکان

بە ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت کێشەی قوتابیانی خوێندنی ئیسلامی چارەسەر کرا

MONDAY, 16 FEBRUARY 2026 21:02:00

هەولێر-KDP.info- د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی کێشەی قوتابییانی خوێندنی ئیسلامی چارەسەرکرا.

 
فەرھاد ئەترووشی و سوودانی جەختیان لە گرنگیی ھەماھەنگیی نێوان پەرلەمان و حکوومەت کردەوە

MONDAY, 16 FEBRUARY 2026 20:02:00

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دیدارێکدا بارودۆخی سیاسی و گشتیی عێراق تاوتوێ کرا.

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن کتێبی (جینالۆجیای ناسنامە لە نێو ھێزە نەرمەکانی نەتەوەدا) بڵاوکردەوە

MONDAY, 16 FEBRUARY 2026 20:02:00

هەولێر-KDP.info- ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ٢ی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی د.ھێمن ھەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پ.د.ک و نووسەر و ڕۆشنبیران و ئەکادیمیست و ڕۆژنامەڤان و بەرپرسانی حزبی و حکوومی، ڕێوڕەسمی دابەشکردنی شەشەمین کتێبی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی (جینالۆجیای ناسنامە لەناو ھێزە نەرمەکانی نەتەوەدا) بەڕێوەچوو.

 
سیداد بارزانی بە نوێنەرایەتی سەرۆک بارزانی بەشداری لە پرسەی شێخ عەبدولقادر لۆلانی کرد

MONDAY, 16 FEBRUARY 2026 17:02:14

هەولێر-KDP.info- ڕۆژی یەکشەممە 15ـی شوباتی 2026، سیدار بارزانی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە نوێنەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداری لە پرسەی خوالێخۆشبوو شێخ عەبدولقادر حاجی محەمەد لۆلانی کرد.

 
د.محەمەد شوکری بۆ KDP.info: میسر دەیەوێت ئاڵوگۆری بازرگانی لەگەڵ ھەرێم زیاد بکات

MONDAY, 16 FEBRUARY 2026 17:02:43

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان  گوتی "کۆمپانیاکانی وڵاتی میسر سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە و دەیانەوێت لە چەندین بواری جیاجیا وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بکەن، ئێمەش بەبڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواوی هاوکاری و ئاسانکارییان بۆ دەکەین." 

 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact