هەولێر-KDP.info- ڕۆژی چوارشەممە 4ی شوباتی 2026، لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە خاتوو بێریڤان ئایماز جێگری سەرۆکی پەرلەمانی (نۆردراین ڤێستڤاڵن)ـی ئەڵمانیا کرد.
لە دیدارەکەدا خاتوو بێریڤان ئایماز خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ سەردانی بۆ کوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی، هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانیی کرد کە لە ڕووداو و مەترسییەکانی ئەم دوایە خۆی کردە خاوەنی دۆزی کورد لە ڕۆژئاوا و هەوڵەکانی سەرۆک بارزانیی بۆ پاراستنی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا بەرز نرخاند.
هەروەها سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد لە یارمەتیدان و بەهاناوە چوونی لێقەوماوان لە ڕۆژئاوای کوردستان و هیوای خواست هەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتربێت. خاتوو بێریڤان ئایماز سوپاسی سەرۆک بارزانیی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی کاروباری دیاسپۆرای کورد لە دەرەوەی وڵات وەک هێزێکی کاریگەر و پشتیوانی دۆزی گەلی کوردستان.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنان، دەستخۆشی لە خاتوو بێریڤان ئایماز کرد کە بە هەوڵ و توانی خۆی توانیویەتی بگاتە پلەیەکی سیاسی لە ئەڵمانیا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. هەروەها ڕۆشنایی خستە سەر کاروباری دیاسپۆڕا و ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی پێویستی لەو بارەیەوە خستەڕوو، پەیوەست بەم باسە جەختی لە پێویستیی پاراستنی شوناس و زمانی کوردی لەناو کوردانی دەرەوەی وڵات کردەوە.
بارودۆخی رۆژئاوا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
