ھەولێر-KDP.info- پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، چەند زانیارییەکی نوێی لەبارەی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان ئاشکرا کرد. ناوبراو ڕایگەیاند کە پارتی ئامادەیی تەواوی نیشانداوە بۆ ڕێککەوتن، بەڵام لایەنی بەرامبەر بێ پاساو پرۆسەکەی پەکخستووە.
لە میانەی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنانی لە مامۆستایانی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، پشتیوان سادق تیشکی خستە سەر بارودۆخی پارچەکانی دیکەی کوردستان و گوتی، "ئەو دەستکەوتانەی لە باشووری کوردستان هەن، ئومێدن بۆ هەموو پارچەکانی دیکە. بینیمان سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەری گێڕا لە پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان لەو دۆخانەی کە ڕوویان دا."
سەبارەت بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت کە زیاتر لە ساڵێکە هەڵبژاردنی بۆ کراوە، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر گوتی، "ساڵێک زیاترە هەڵبژاردن لە کوردستان ئەنجام دراوە، وەکوو پارتی لەگەڵ هەموو حزبەکان داوامان کرد، کە بێن حکوومەتێکی بنکەفراوان لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا دروست بکەین، لەگەڵ برایانی یەکێتی دەستمان پێکرد ئەوان داوایان کرد کە ستراتیژیەتێک بۆ حکوومەت دابندرێ، پێنج مانگ خەریکی ئەو ستراتیژیەتە بووین تا داڕێژرا، دواتر بڕیاردرا پۆستەکان دابەش بكرێن، لەو چوارچێوەیەشدا لە کۆی 22 وەزارەت، پارتی نۆ وەزارەتی بە یەکێتی دا، لەگەڵ ئەوەش پشتیوانیی لە کاندیدی یەکێتی بکات بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق، بەڵام دواجار بەبێ هیچ بیانووێک یەکێتی نەهاتنە پێشەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پشتیوان سادق باسی لە کێشەکانی بەغدا کرد و ڕایگەیاند کە ئێستا کێشە لە دیاریکردنی سەرکۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هەیە و ئەوەش پرۆسەی سیاسی لە بەغدا ئاڵۆزتر کردووە.