هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی پاڵپشتییەکانی کابینەی نۆیەم و خودی سەرۆکوەزیران، هەروەها بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی وەزیری ناوخۆ و بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ڕێژەی جیابوونەوە و توندوتیژیی خێزانی لە سنوورەکە کەمی کردووە و ئاشتەوایی خێزانی ڕووی لە زیادبوون کردووە.
عەقید سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، "لە ئەنجامی چاودێری و پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت و وەزیری ناوخۆ و بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، توانراوە ڕێژەی تەڵاق و جیابوونەوە کەم بکرێتەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا لە پرسی سکاڵاکانی توندوتیژیی خێزانیدا، ژمارەکە لە (4067) سکاڵاوە لە ساڵی ٢٠٢٢، بۆ (2647) سکاڵا لە ١١ مانگی ساڵی ٢٠٢٥ دابەزیوە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکوومەت بۆ پاراستنی شیرازەی خێزان و گوتی، "لە ماوەی سێ ساڵدا، (1666) خێزان لە هەڵوەشاندنەوە پارێزراون و حاڵەتەکانی ئاشتەوایی خێزانی لە (393) حاڵەتەوە لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ (688) حاڵەت لە ساڵی ٢٠٢٥ بەرزبووەتەوە.
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان گوتیشی، "ئەم پێشکەوتنانە، وەک بەشێک لە ستراتیژی کابینەی نۆیەم بۆ چەسپاندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان هەژمار دەکرێن".
ئومێد بابان