Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 13 DEC 2025 18:14 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا
| KDP.info


هۆشیار سیوەیلی

ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە کۆتایی مانگی تشرینی دووەم بڵاوکرایەوە بە بێ ئەوەی سەرۆک یان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بە گەرمی (وەک پێشووتر) پێشکەشی بکەن. ئەم ستراتیژە نوێیە کە ٢٩ لاپەڕەیە جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە تێڕوانینی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەخاتەڕوو بۆ گێڕانەوەی هێز و سەرکردایەتی جیهان لە لایەن ئەمریکاوە لە ڕێگەی دروشمی "ئەمریکا یەکەم" و جەخت لەسەر پاراستنی سەروەری ئەمریکا و سەربەخۆیی ئابووری و ئاسایشی نەتەوەیی دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا میکانیزمی پەرەپێدانی ئاشتی و سەقامگیری لە سەرانسەری جیهاندا دەخاتەڕوو. 

گرنگترین خاڵەکانی ڕاپۆرتەکە بریتین لە:

پێشەکی: ئەم ستراتیژە ڕەخنەیەکی زۆر لە ستراتیژەکانی دوای جەنگی سارد دەگرێت و هەوڵی ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی سیاسەتی دەرەوە دەدات و جەخت دەکاتەوە لە سەر پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییە سەرەکییەکانی ئەمریکا نەک سووربوون لەسەر زاڵبوونی ئەمریکا لە جیهاندا، یان دەستێوەردانی ناپێویستی ئەمریکا لە جیهاندا. 

ئامانجەکان: دەتوانین ئامانجەکانی ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لەم چەند خاڵانەدا کورت کەینەوە

• مانەوە و سەلامەتی ئەمریکا وەک کۆمارێکی خاوەن سەروەریی.

• پاراستنی سنوورەکان و ژێرخانی ئابووری لە هەڕەشە دەرەکییەکان.

• دروستکردنی بەهێزترین بەرگری سەربازی و ئەتۆمی لە جیهاندا.

• بەدەستهێنانی باڵادەستی وزە و دووبارە بە پیشەسازیکردن و سەربەخۆیی ئابووری.

• پەرەپێدانی داهێنان و هێزی نەرم و کلتووری ئەمریکی.

ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوە:

• سەقامگیرکردنی نیوەگۆی ڕۆژئاوا (Western Hemisphere)و جەختکردنەوە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی هاتنی کۆچبەران و لەناوبردنی کارتێلەکانی ماددە هۆشبەرەکان و کەمکردنەوەی کاریگەری دەستێوەردانی بیانی. لە ڕاستیدا پاراستنی ئەم ناوچەیە و دوورخستنەوەی لە هەموو کێشە و دەسوەردانێک کە مەترسی بۆ بەرژوەندییەکانی ئەمریکا دروست بکات ئەولەویەتی یەکەمی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە.  

• کێبڕکێی ئابووری لە هیندۆ پاسیفیک و ڕێگریکردن لە هەڕەشە سەربازییەکان و پاراستنی ئازادی دەریاوانی لە ڕێگە دەریاییە سەرەکییەکاندا

• پشتیوانیکردن لە ئاسایش و گەشەی ئابووری و متمانەی کلتووری ئەوروپا و هاندانی بەرپرسیارێتی هاوبەش لە بەرگریدا.

• گۆڕینی شێوازی بایەخەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ململانێوە بۆ هاوبەشی و ئاشتی و وەبەرهێنان، شانبەشانی مسۆگەرکردنی سەقامگیری ناوچەکە و پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل.

• گواستنەوەی ئەفریقا لە پەیوەندییەکی کۆمەکبەخشی بۆ پەیوەندییەک لەسەر بنەمای بازرگانی و وەبەرهێنان بە جەختکردنەوە لەسەر وزە و پەرەپێدانی کانزای گرینگ.

پرینسیپەکان:

• جەختکردن لەسەر بەرژەوەندییە نەتەوەییە سەرەکییەکان و بەدەستهێنانی ئاشتی لە ڕێگەی هێز و دەستوەرنەدان  لە کاروباری وڵاتان و پەیڕەوکردنی ڕیالیزم و سەروەری نەتەوەکانی تر و هاوسەنگی هێز و سیاسەتی پشتگیری کرێکارانی ئەمەریکا و دادپەروەری و مامەڵەی شایستە لەگەڵ ئەمریکا و ڕێزگرتن لە توانا و بەهرەکان.

 ئەولەویەتەکان:

• کۆتایی هێنان بە کۆچبەرانی بەکۆمەڵ و پاراستنی سنوورەکان.

• پاراستنی ماف و ئازادییە بنچینەیییەکان.

• هاندانی دابەشکردنی ئەرک و بارگرانییەکان لە نێوان هاوپەیماناندا.

• بەدواداچوون بۆ ڕێککەوتنەکانی ئاشتی لە جیهاندا بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری جیهانی.

• بەهێزکردنی ئاسایشی ئابووری لە ڕێگەی بازرگانی هاوسەنگ، دووبارە پیشەسازیکردن و باڵادەستی لە بواری وزەدا.

ستراتیژی هەرێمی:

• نیوەگۆی ڕۆژئاوا: بەهێزکردنی سەرکردایەتی ئەمریکا و کۆنترۆڵکردنی کۆچ و بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات و کاریگەری بیانی لەو ناوچەیەدا.

• ئاسیا: کێبڕکێی ئابووری و بەهێزکردنی ئەمریکا لە ڕووی ئابوورییەوە و بەرگرتن لە هەڕەشە سەربازییەکان، و پشتیوانیکردن لە هاوپەیمانان بۆ ڕێگرتن لە ناکۆکیەکان، بەتایبەتی پەیوەست بە تایوان و دەریای باشووری چین.

• ئەوروپا: پەرەپێدانی پشت بەستن بە خۆ، سەقامگیری و بوژاندنەوەی کلتووری ئەوروپا و دەستەبەرکردنی بازرگانی دادپەروەرانە و بەرپرسیارێتی بەرگری هاوبەش.

• ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: گواستنەوە لە ململانێ بۆ هاوبەشی و فراوانکردنی ڕێکكەوتنەکانی ئیبراهیم و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە و دوورکەوتنەوە لە جەنگی درێژخایەن.

• ئەفریقا: هەنگاونان بەرەو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان و جەختکردنەوە لەسەر پەرەپێدانی وزە و کانزاکان.

ئەمانەی سەرەوە کورتەی ناوەرۆکی ستراتیژەکەن، دەمانەوێت کەمێک ووردتر ئاماژە بە سیاسەتی نوێی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست بدەین.

لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە پەنجا ساڵە ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا لە سەر سێ بنەما ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لە پێشینەی سیاسەتی دەرەوە داناوە کە بریتین لە گرینگی ناوچەکە لە ڕووی دابینکردنی ووزە و بوونی وەک شانۆیەکی سەرەکی کێبڕکێی نێوان زلهێزەکان و مەیدانی ململانێکان بووە کە هەمیشە ئەگەری تەشەنەکردنی بۆ ناوچەکانی تری جیهان و تەنانەت ئەمریکاش لە ئارادا بووە. ئەمڕۆ دوو لەوە داینەمیکانە نەماون؛ ئەمریکا چیتر پێویستی بە وزەی ئەو ناوچەیە نییە و کێبڕکێی نێوان زلهێزەکان وەک جاران نەماوە و ئەمریکا باڵادەستە. هەرچەندە ململانێکان هێشتا بەردەوامن، بەڵام ئەوانیش وەک جاران جێگەی هەڕەشە نین.  ئێران لاواز بووە و جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەرەو کۆتایی دەچێت و دەشێت دۆخی سووریا لە ڕێگەی هاوکاری و هاوئاهەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەب و تورکیا بەرەو سەقامگیری بروات. 

بۆ ئەوەی ناوچەکە زیاتر سەقامگیر بێت و کاریگەریی ڕادیکاڵیزم کەم بێتەوە، پێویستە ئەمریکا واز لە سەپاندنی مۆدێلی خۆی لە حوکمڕانی بەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا بهێنێت بە تایبەتی دەوڵەتانی کەندا و واز لە سیاسەتی نەتەوە و دەوڵەتسازی بهێنیت لە ناوچەکەدا و مامەڵە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا بکات بەو شێوەیەی کە هەن. لەگەڵ هەموو ئەم گۆڕانکارییانەشدا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەوە دەخوازن کە سەرچاوەکانی وزە لە ناوچەکەدا نەکەونە بندەست دوژمنی ئەمریکا و تەنگەی هورموز و دەریای سوور هەمیشە بە کراوەیی بمێننەوە و ناوچەکە نەبێتە شوێنی سەرهەڵدان و هەناردەکاری تێرۆریزم دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پارێزراو بێت و ڕێكکەوتننامەکانی ئیبراهیم فراوانتر بکرێن. 

ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا زۆر بە ڕوونی ڕایدەگەیەنێت کە ئەو ڕۆژانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باڵی کێشابوو بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا کۆتاییان هات، چونکە چیتر ئەو ناوچەیە سەرچاوەی کارەساتی گەورەنین کە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکەن. فۆکەسی ئەمریکا لەمەودوا لەسەر پەرەپێدانی ئابووری و وەبەرهێنان دەبێت بە تایبەتی وەبەرهێنان لە بواری وزەی ناوکی و ژیری دەسکرد و تەکنەلۆجیای سەربازی.  

چاوەڕی دەکرێت ویلایەتە یەکگرتوەکان بە توندی بەردەوام بێت لەسەر پاراستنی ئیسرائیل لە لایەکەوە و مامەڵەکردن لەگەڵیدا وەک هێزێکی سەربازی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشە ئەمنی و سەربازییەکان لەسەر خۆی و لەسەر ئەمریکا لە لایەکی ترەوە. لە هەمانکاتدا سعودیە وەک دەوڵەتێکی سەقامگیر و خاوەن توانای دارایی زۆر دەبێتە جێگەی بایەخپێدانی سەرەکی ئەمریکا و بەهێزکردنی پێگەی ئەمریکا لە ڕووی ئابوورییەوە نەک تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بەڵکو لە ئەفریقاش. 

هەرچەندە لەم ستراتیژەدا ئاماژە بە عێراق نەکراوە، بەڵام لەبەر ڕۆشنایی ستراتیژەکە و بە پێی لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا بە تایبەتی مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆک و جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریکی لە بەغدا، لەمەودوا ئەمریکا زیاتر لە جاران ئامراز و میکانیزمەکانی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بپارێزێت. سەرەتای ئەم سیاسەتەش لە هەڵوێستی ئیدارەی ئەمەریکی بەرامبەر میلیشیاکان و ڕۆڵیان لە ناو حکوومەتی داهاتووی عێراقدا دەردەکەوێت کە بە هەموو شێوەیەک دژی ئەو ڕۆڵەن. ئەوان دەڵێن چیتر ئامادە نین بەرهەمی ئەو وەبەرهێنانەی بە خوێن و پارە کردوویانە لایەنی تر سوودی لێوەربگرێت. جەختیش لەسەر ئەوە دەکەن کە ئامرازی زۆریان لەبەردەستە تا ئەو بەرژەوەندییانە بپارێزن. بێگومان جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە ئاسان نابێت و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ توانا و جدییەتی ئیدارەی ئەمریکی بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە ڕوندەکەنەوە.  

 




دوایین هەواڵەکان

سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە بەرهەم ساڵح دەكات

SATURDAY, 13 DECEMBER 2025 16:12:57

ھەولێر-KDP.info-  لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا سەرۆك مەسعود بارزانی پیرۆزبایی لە دكتۆر بەرهەم ساڵح كرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی كۆمسیارانی باڵای كاروباری پەنابەرانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان.

 
پەیامی هاوخەمی بارەگای بارزانی بۆ سەفەر زكری نێروەیی

SATURDAY, 13 DECEMBER 2025 14:12:51

ھەولێر-KDP.info-  بارەگای بارزانی پەیامێکی ھاوخەمی بۆ سەفەر زكری نێروەیی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتیی:

 
نوێنەری سەرۆکی حکوومەت، ساڵیادی دامەزراندنی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان پیرۆز دەكات

SATURDAY, 13 DECEMBER 2025 13:12:03

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە 2025.12.13، شاندێک بەنوێنەرایەتی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتبوو لە د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و چیا هەرکی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی، سەردانی سه‌ركردایه‌تی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانیان كرد و لەلایەن سکرتێرى حزب و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی حزبەكەوە پێشوازیان لێكرا.

 
پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ یادی (٤٠) ساڵەی دامەزراندنی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

SATURDAY, 13 DECEMBER 2025 12:12:24

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە یادی چل ساڵەی دامەزراندنی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستاندا، بە گەرمی پیرۆزبایی له‌ سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت، جەخت دەکەینەوە سەر هاریکاری و هەماهەنگی نێوانمان و سەرجەم پارت و هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ پتەوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان و بەرقەراربوونی ئاشتەوایی و پاراستنی دەستکەوتەکانمان.

 
وه‌زیرانی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی له‌ باره‌ی چه‌مچه‌ماڵه‌وه‌ بۆ KDP زانیاری نوێ ده‌خه‌نه‌ڕوو

SATURDAY, 13 DECEMBER 2025 12:12:59

چەمچەماڵ-KDP.info- وەزیری تەندروستی گوتی، ئەمڕۆ كەلوپەلی پزیشكیی زۆر دەگەیەنرێتە چەمچەماڵ و وەزیری پەروەردەش ده‌ڵێ، 50 ملیۆن دینار بۆ چەمچەماڵ تەرخانکرا.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact