سۆران-KDP.info- سیداد بارزانی پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و سەرۆک بارزانی دەکات هەروەها جەختیش دەکاتەوە کە خەڵکی کوردستان وەڵامی خزمەتگوزاری و خزمەتەکانی پارتیان بە دەنگی خۆیان دایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند: پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و سەرۆک بارزانی دەکەین، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی دەنگدان، کە زۆر بە ھێمنی و بێ گرفت بەڕێوەچوو.
سیداد بارزانی ئاماژەی بەوەدا، لە بەرانبەر ھەوڵ و ماندووبونیان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە، سوپاسی ئەندامانی کۆمیسیۆن و ھێزە ئەمنییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین.
سیداد بارزانی گوتی: بە گوێرەی داتا بەراییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لقی ١٠ و ٢٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتنێکی گەورەیان بە دەست ھێناوە، ھەروەھا دەنگێکی زۆری پارتی لە ناوچەکە زیادکراوە، کە دواتر لە لایەن کۆمیسیۆنەوە بڵاو دەکرێتەوە.
ھەروەھا گوتیشی: سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەین کە وەڵامی خزمەتگوزاری و خزمەتەکانی پارتیان بە دەنگی خۆیان دایەوە، ھەروەھا پشوو درێژی و ئارامگرتنی ھاووڵاتیان لە ماوەی پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن، جێگای ڕێز و دەست خۆشییە، پشتیوان بە خوای گەورە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی خاک و خەڵکی کوردستان.