زاگرۆس فەتاح
پەیامێک بۆ جەماوەری خۆڕاگری زۆنی بێنازیی دوو جار پارتی، سلێمانی و ڕاپەڕین و هەڵەبجە و هەورامان و گەرمیان،
جەماوەری خۆڕاگر و سەربەرزی سلێمانی.
خوشک و برایانی ئازیزم لە قەڵادزێ و ڕانیە و پشدەر و بتوێن
هەڤاڵانی خۆشەویستی دوکان و سەرگەڵوو و بەرگەڵوو و دۆڵی شینکایەتی و جافایەتی و سیوەیل و شارباژێڕ
کوڕان و کچانی خوێنگەرمی دەشتی شارەزوور و بناری سوورێن و پێنجوێن و دەشتی شلێر و قەرەداخ و هەڵەبجە و هەورامانی سەرکەش
ئەی قارەمانانی سەرتەک و بەمۆ و شەمێران و دەربەندیخان و کفری و کەلار و چەمچەماڵ و گەرمیانی خێرلەخۆنەدیو
ئێمە زۆر باش لە ئازار و خەمەکانتان تێدەگەین، زۆر باش هەست بە نەهامەتییەکان و بێنازییەکان و مافە زەوتکراوەکانتان و هیوا قەتیسماوەکانتان دەکەین.
ئێوە کوڕ و کچان و نەوەکانی هەمان قارەمانانی هێزی خەبات و ڕزگاری و قەرەداخ و پیاوە ئازاکانی شۆڕشی ئەیلوول و شێرە کوڕانی گوڵانن، ئەو قارەمانانەی کە مەردانە ژیان و مەردانەش لەپیناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و سەربەخۆیی کوردستان گیانیان بەخشی.
ئێوە میراتگری خەبات و سەربڵندی ئەو کەڵە پیاوانەن کە کەڵ ژیان و تاهەتایە ناویان لە لاپەڕەکانی مێژوودا بە گەشاوەیی دەمێنێتەوە.
ئازیزان: سلێمانی شاری ڕۆشنبیران و شاری شیعر و ئەدەب و نووسین و گۆرانی و، شاری ئازادیخوازانە.
سلێمانی ئەو سلێمانییە نییە کە ئەمڕۆ لەلایەن کۆمەڵێک بێگانەی نائاشنا بەشار بە بارمتە گیراوە، سلێمانی شاری تانک و تۆپ و ئازار و ئەشکەنجە و گرتن و ڕاوەدوونان نییە، سلێمانی شاری پیرەمێرد و سالم و نەجمەدینی مەلا و نالی و کوردی و زێوەر و بێخود و ئەحمەد موختار جاف و هەردی و حەسیب قەرەداخی و مەحوی و حەمدی و گۆرانە. شاری شێخ مارفی نودێ و حاجی کاک ئەحمەدی شێخ و شێخ محەمەدی خاڵ و عەلادین سەجادی و مستەفا یاموڵکی و شیخ مەحموودی حەفید و محەمەدئەمین زەکی و ڕەفیق چالاک و حەمەساڵح دیلانە.
خوشک و برایانی ئازیز
ئێوە لە سەنگەرە جیاوازەکان، بیروڕا جیاوازەکان، ڕەنگ و دروشم و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان، زۆرماندوو بوون و، زۆر خەباتتان کرد و تەمەنی خۆتان لەپێناو تێکۆشان و خەبات و ڕزگاریی کوردستان، لەپێناو نیشتمانەکەتان بەخت کرد، بەڵام ئەوان بەرامبەر بە ئێوە و کەسوکار و خەبات و تێکۆشان و خۆبەختکردنەکانتان بێوەفا و بێئەمەک بوون و هیچ کام لەوانەیان لەبەرچاو نەبوو، تەنیا بەرژەوەندیی خۆیان و ماڵ و منداڵیان نەبێت.
خوشک وبرایانی ئازیز
دەنگدانتان بە پارتی دیموکراتی کوردستان، ونبوونی خەبات و تێکۆشان و ماندووبوون و ڕابردووتان نییە، بەڵکو پارتی هەمیشە بە چاوی ڕێز و تەقدیرەوە لە خەبات و ماندووبونی هەموو تێکۆشەرانی ڕێگهی ڕزگاریی کورد و کوردستانی ڕوانیوە لە هەر حزب و لایەن و بیروبۆچوون و ئایدۆلۆژیایەک بووبن و هەمیشە سەری ڕێزی بەرامبەر بە خەباتگێڕان و شەهیدانی هەموو لایەنەکان و خانەوادەکانیان دادەنەوێنێت.
ئێستاش ئێوە شایانی ژیانێکی باشترن، شایانی خزمەتگوزاریی زیاتر و ئاسایش و ئاسودەیی و دڵنیایی لە داهاتووی خۆتان و خانەوادەکانتانن. شایەنی ئەوەن شاری خاوێن، ئاو و کارەبای بەردەوام، ڕێگەوبانی باش، بارودۆخ و گوزەرانی باش و هەموو خزمەتگوزارییەکی پێویستتان هەبێت.
ئێستاش داواتان لیدەکەین
لەپێناو گەڕانەوەی شکۆ و شانازی بۆ شار و ناوچەکانتان،
لە پێناو گەڕانەوەی ڕەسەنایەتی و ئارامی بۆ دەڤەرەکانتان،
لەپێناو بەدەستهێنانەوەی ماف و ئازادی و خۆشی و شادییەکانتان،
لەپێناو ئاوەدانکردنەوه، ئاشتی و ئارامی و ئاسایش بۆ خۆتان و ماڵ و منداڵ و خانەوادەکانتان
لەپێناو چەسپاندنی یاسا و بەرقەراریی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و گەڕانەوەی خەندە و پێکەنین بۆ سەر لێوەکانتان،
لەپێناو سلێمانییەک کە دوور بێت لە هەموو جۆرە پاڵەپەستۆ و زەخت و فشار و چاوسوورکردنەوە و پێشێلکردنی مافەکانی تاک و کۆمەڵ،
لەپێناو بەختەوەریی مرۆڤ و گەڕانەوەی ڕێز و کەسایەتی بۆ تاکەکانی کۆمەڵگه،
لەپێناو یەکسانی و گەیشتنی دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری بۆ گشت شار و لادێکانی ئەو دەڤەرانە،
لەپێناو ئایندەیەکی گەش بۆ هەمووان،
لەپێناو نەمانی میلیشیا و چەکداری حزبی،
لەپێناو نەهێشتنی دیکتاتۆرییەت و بەسەربازگەکردنی شار،
بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی ئاو و کارەبا و ڕێگهوبان و تەندروستی و هەموو سێکتەرەکانی تر بۆ سنوورەکانتان،
بۆ ئەوەی تانک و درۆن و مووشەک، خەوی شەوانە لە خۆتان و ماڵ و منداڵەکانتان تێک نەدات،
بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنەکان ئازاد بن و، ئازادیی بیروڕاتان هەبێت،
بۆ ئەوەی مایکەکان مینبەری گەیاندنی دەنگی ئێوە بە دەسەڵات بن، نەک لە لایەن دەسەڵاتەوە لە نمایشەکاندا فڕێ بدرێن،
بۆئەوەی مافەکانتان دروشمی هەڵبژاردن نەبن و کردار و خزمەتگوزارییەکان پێوەری دەنگدان بن،
با دەنگەکانمان بۆ لیستی ژمارە ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت
پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی خزمەتگوزاری و ئاشتی و ئاوەدانکردنەوەیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی هەموو کوردێکی ئازادیخواز و سەربڵند و سەربەخۆییخوازێکە.
سەرکەوتن بۆلیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان.