بەكر ئیبراهیم
دهبێ بۆ دووربینی سەرۆک بارزانی به دیقەت و وردبینی و لێزانی لە مێژوو بڕوانین و ھەڵوەستە لەبارەی ھەڵوێست و مەوقیف و دووربینی و دوور ڕوانینی سەرۆک بارزانی بکەین، ئەوجار تێدەگەین كه حیکمەت و کاریزما و کەسایەتیی سەرۆک بارزانی لەوەدایە، كه لە ئاشتیدا ڕێبەرێکی شارەزا و دیپلۆماتکار و سیاسەتمەدار و دووربین و لێزان و شارەزایە و لە شەڕدا پێشمەرگە و خەباتکار و شۆڕشگێڕی بەجەرگ و چاونەترسە، ھەروەھا خوێنەرێکی بلیمەتی بارودۆخی سیاسی و عەسکەری و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە و بە حیکمەت و دانایی و دووربینی، خوێندنەوە بۆ مێژوو و ئێستا و داھاتووی گۆڕانکارییەکانی ناوخۆ و ناوچەکە و نێودەوڵەتییەکانیش دەکات.
زۆر دوور ناڕۆم و بە کورتی چەند نموونەیەک بۆ وانە وەرگرتن لە دووربینیی سەرۆک بارزانی بیردێنمەوە و لە داستانی خواکوڕکەوە دەست پێدەکەم، کە سەرۆک بارزانی لە ڕۆژەکانی کۆتایی سەرکەوتنی پێشمەرگە لە داستانی خواکوڕک، لە وتارێکی مێژووییدا پێشبینی و دووربینی و خوێندنەوەی خۆی لەو قۆناغەی شەڕی (خواکوڕک) بۆ پێشمەرگەکان خستەڕوو، سەرۆک بارزانی پێشبینی کرد کە پاش سەرکەوتنی پێشمەرگە لە شەڕی خواکوڕکدا، گۆڕانکاریی گەورەی سیاسی لە عێراق و ناوچەکەدا ڕوودەدەن.
ئەم پێشبینییەی سەرۆک بارزانی لە بەھاری ساڵی ١٩٩١ ھاتەدی (واتا دوو ساڵ پاش سەرکەوتن لە داستانی خواکوڕک)، ئەویش بە ڕاپەرینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان و دواتر ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسیش.
ئەو وتارە مێژووییەی سەرۆک بارزانی كە لە گەرمەی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ڕوو لە ئاپۆڕای جەماوەری ڕاپەڕیوی کۆیە و ھەموو کوردستان لە ١٤ی ئادار پێشکەشی کرد و داوای ھەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی کرد و داوای کرد دامەزراوەی شەرعی لە کوردستان بێتە ئاراوە و خەڵکی کوردستان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، ئەوە بوو ساڵێک دوای ڕاپەڕین سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، دەستی کرد بە تاقیکردنەوەی ڕێگەی دیموکراسی بۆ بەڕێوەبردنی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، لە ١٩-٥-١٩٩٢ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا، لە مێژوودا بۆ یەکەمجار کورد بووە خاوەنی پەرلەمان و حکوومەتی خۆی.
ئەو دوو نموونەیە لە ڕابردوودا بۆ تێگەیشتن بەسن تا بزانین کە چۆن سەرۆک بارزانی بە خوێندنەوە بۆ مێژوو و ئێستا و داھاتووش بە حیکمەت و دانایی و دووربینییەوە دەڕوانێتە گۆڕانکارییە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، سەیری وتارەکەی سەرۆک بارزانی بكەن كە ٥ مانگ بەر لە ئەمڕۆ و لە ڕێکەوتی ١٥-٥-٢٠٢٥ پێشکەشی کرد و گوتی، کێشەیەک لە ناوچەکە ھەیە و شەڕی گەورە بەڕێوەیە، ھیوادارین دەسەڵاتدارانی عێراق ھەوڵ بدەن عێراق تێکەڵاوی ئەو شەڕە نەبێت، لە پاش ڕووخانی ڕژێمی سووریاش بەو شێوە خێرایە، کەس پێشبینیی ئەوەی نەدەکرد کە شەڕی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕووبدات، شەڕێکی بەھێز کە ١٢ ڕۆژی پێچوو، لەو شەڕەدا قوربانییانی جەنگ لە نێوان ھەردوولا زۆر بوون.
ئەوانە تەنیا سێ نموونەن بۆ بیرخستنەوە، تا بزانین سەرۆک بارزانی چۆن بارودۆخە سیاسی و عەسکەری و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانکارییە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ھەڵدەسەنگێنێ، بۆیە دەبێ ھەموو عێراقییەکان ھەڵوەستە لەبارەی وتارەکەی سەرۆک بارزانی بکەن کە ڕۆژی یەکشەممە، ١٢-١٠-٢٠٢٥ لە کاتی بانگەشەی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشکەشی کرد و لە زۆر لایەنەوە دەستی خستە سەر برینەکانی ئێستا و ڕابردوو و بە خەمخۆری و دووربینی و پەرۆشییەوە زۆر لایەنی بۆ داھاتووش خستەڕوو و بە ڕاشکاوی باسی کردن.
لە بەشێکی وتارەکەیدا سەرۆک بارزانی فەرمووی، ناچارم بە ڕاشکاوانە ئەمە بڵێم، ھەموو جارێ کە بەرەو ھەڵبژاردن دەچین، دیسان پیلانگێڕیش سەرلەنوێ دەست پێدەکاتەوە لە دژی پارتی، نەسیحەتی من بۆ ئەمانە ئەوەیە، بە خۆیاندا بچنەوە، جارێک، دوو جار، سێ جار مرۆڤ دەبێ عیبرەت وەربگرێ، کاکە پارتی بە ئێوە ناشکێ، چ لە ناو ھەرێم، چ بە ھاوپەیمانیی مەجمووعەیەک لە بەغدا، لەھەر شوێنێک بیر لەوە بکەنەوە بە ھاوپەیمانیی خۆتان ھەرێم دەشکێنن، وەڵاھی ھەرێم ناشکێ و پەشیمانیش دەبنەوە، پارتی بە ئێوە ناشکێ، پارتی زۆر زۆر گەورەترە لەوەی بە ھاوپەیمانیی ئەم و ئەویتر بشکێ.
ھەموو ئەوانە و زیاتریش پێمان دەڵێن، سیاسەتمەدار و خەباتکار و شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە و لێزان و شارەزا و دووربین، سەرۆک بارزانی، چۆن لە ھەنگاوناندا دووربینانە دەڕوانێتە گۆڕانکارییەکانی جیھان و ناوچەکە و ناوخۆ و دۆزی ڕەوای گەلەکەی لە ھەزاران ڕەھێڵە و تۆفان و زریان و ڕەشەبا و گەردەلوول پاراستووە، پێچەوانەی زۆرانی تر کە لە ھەنگاوناندا بەرپێی خۆیان نەبینیوە و ھەنگاویان بەرەو شکست و کەوتن بووە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی داربەڕوو ئاسا لە مەیدانی خەباتدا بە تەمەنی ٧٩ ساڵییەوە بە ھێز و قوەت و بڕوا و متمانەی گەلەوە گەنج ئاسا و بە ھەڕەتی لاوییەوە بە ژمارەی (٢٧٥)وە ڕوو له ئاسۆ و بهرهو یهكهمی و دهستكهوتی مهزنتر بۆ كورد و كوردستان ههنگاودهنێ.