هه‌ولێر -KD.info- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی هه‌ولێر ده‌ڵێ "بنه‌تۆ به‌سه‌ر جووتیاران دابه‌ش ده‌كەین. ئه‌مساڵ زه‌ویه‌كی زۆری كشتوكاڵی به‌راو كراوه و پێشبینی بارانی باشیش ده‌كرێت."
هێمن سه‌ید موراد، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی هه‌ولێر به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "ئاماده‌كاری بۆ وه‌رزی چاندنی به‌رهه‌می گه‌نم ده‌ستی پێكردووه، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی بنه‌تۆ به‌سه‌ر جووتیارانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر ده‌ستی پێكردوه، سێ هه‌زار و 250 ته‌ن بنه‌تۆی باوه‌ڕپێكراو به‌سه‌ر جووتیاراندا دابه‌ش ده‌كرێت، ئه‌و بنه‌تۆیه‌ی دابه‌ش ده‌كرێت به‌رهه‌می ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانە و یه‌كێكه له باشترین جۆره‌كانی گه‌نم، فرۆشتنه‌وه‌ی بنه‌تۆش قه‌ده‌غه‌كراوه."
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی هه‌ولێر ده‌شڵێت "بنه‌تۆ بە نرخی پاڵپشتیکراو دابه‌ش ده‌كرێت و سوودی زۆری هه‌یه بۆ جووتیاران، چونكه به‌رهه‌مێكی ڕه‌سه‌نی خۆماڵییه و له‌گه‌ڵ كه‌شوهه‌وای هه‌ولێر گونجاوه و به بارانێكی كه‌م بڕشتی زۆری ده‌بێت، له به‌رهه‌مهێنان ڕێژه‌یه‌كی باشی هه‌یه و هه‌موویشی به ده‌رمان ئاماده كراوه."
هێمن سه‌ید موراد ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد "دابارینی باران له‌ده‌ست خوای گه‌وره‌یه، به‌ڵام به‌پێی پێشبینی شاره‌زایان ئه‌مساڵ ساڵێكی باراناوی ده‌بێت و هه‌رێمی كوردستان له مه‌ترسی كه‌م بارانی و وشكه‌ساڵی ڕزگاری ده‌بێت، ئێمه وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگییه‌كی زۆر به كه‌رتی كشتوكاڵ ده‌ده‌ین و زه‌ویه‌كی زۆرمان به‌راو كردووه، هه‌بوونی ئاوی مسۆگه‌ر كاریگه‌ری له‌سه‌ر زیادبوونی به‌رهه‌می جووتیاران ده‌بێت، له‌ڕێگه‌ی بیره‌وه ڕێژه‌یه‌كی زۆری زه‌وی كشتوكاڵی به‌راوكراوه و بۆ به‌رهه‌می چاندن ئاماده‌یه."
قائید میرۆ