فازڵ میرانی
پارتی دیموکراتی کوردستان مۆمێکی دیکەی تەمەنی دادەگیرسێنێت. پارتی ڕێبازی خەبات و تێکۆشانە، لە بەرەی پشوودرێژی و داکۆکیکردن و سەركەوتن. بە پشتیوانیی خەڵک و جەماوەری بەئەمەکی کوردستان، بووەتە هێزی بەدیهێنانی گەشە و پێشکەوتن و ئاشتی و ئارامی. شانازی بە تێکۆشانی پیاوان و ژنان و لاوان و پیرانی وڵات دەکات، کە هەموویان لە نێو کاروانی پڕ شکۆی خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا بەشدارییەکی کارایان هەیە.
پارتی بڕیاری داوە درێژە بە کار و تێکۆشانی بەرهەمداری خۆی بدات، لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەیار و دژبەرانی خواست و هیوای ڕەوای گەلەکەمان. پشووی درێژە و پارتی کۆڵنەدان و بەردەوامییە تا گەیشتن بە دوایین خواست و ئامانجی گەلەکەمان. لەو کاروانە پڕ لە قوربانی و سەروەرییەدا، مستەفا بارزانی هێما و ڕێنیشاندەرمانە، ئەمڕۆش سەرۆک مەسعود بارزانی ئەرك و ئەمانەتی گەیاندنی کاروانی گەلەکەمان بە مەنزڵی خۆشگوزەرانی و ئارامی و گەشە و پێشکەوتنی گرتووەتە ئەستۆ.
گەلەکەمان هەردەم سەلماندوویەتی کە گەلی ئاشتی و ئاوەدانی و پێکەوەژیانی بەرهەمدارە. هەر بە پشتیوانیی گەلی شکۆمەندی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان نموونەیەکی گەش و باڵای حوکمڕانیی پێشکەش کرد کە لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە چاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانن و وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی دەوڵەتداری پەسند کراوە.
بەدیهاتنی ئەو هەموو دەسکەوت و شکۆیە، بەشێکی زۆری بۆ خەباتی نەبڕاوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە، کە لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە لە 16ی ئابی 1946دا تا دەگاتە ئێستا، هەردەم سەرقافڵەی تێکۆشانی سیاسی و مەدەنی و دیپلۆماسی و سەربازی بووە. بۆیە ئەم یادە بە لای كوردستانیانەوە، وەک میراتێکی سەنگین و تۆمارێکی پڕ لە سەروەری لێی دەڕواندرێت و بە پیرۆزی ڕایدەگرن. ئێمەش لە لای خۆمانەوە پارتی و ڕێبازی بارزانی بە ڕێبازی هەمیشەیی کار و خەباتی هەمەلایەنەی خۆمان دەزانین، بەڵێنێکی هەمیشەییشمان داوە کە هەرگیز لەو ڕێباز و ڕێڕەوە لا نادەین.
بژی كوردستان بە فرەیی پێكهاتەكەی و پێكەوە ژیانی برایانەی، دروود و سەروەری بۆ شەهیدانی و سەورەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی نێو یاد و یادگەمان.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی
١٦ی ئاب ی ٢٠٢٥