زیــــــبا تـەهـــــــــــا
ئاو به یه‌كێك له‌گرنگترین هۆكاره‌كانی به‌رده‌وامبوونی ژیانی مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر زه‌وی داده‌نرێت. بۆته سه‌رمایه‌كی گرینگ بۆ ده‌وڵه‌تان و میكانیزمێكه بۆ په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌كردنی ئاستی ئابووری، له‌و ڕووه‌وه هه‌میشه حكوومه‌ته‌كان داوا ده‌كه‌ن كه هاووڵاتیانیان پارێزه‌رێكی باش بن بۆ پاراستن و سه‌یڤكردنی ئاو نه‌ك بۆ ئیستا به‌ڵكو بۆ ئاینده‌ش ده‌بێت به ئاگاییه‌وه ئاو به‌كاربهێنن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شێك نه‌بن له به‌فیڕۆدانی ئاو.
بەڵام سەرەڕای گرنگییەکەی، ئه‌مڕۆ جیهان ڕووبەڕووی قەیرانی ئاو بووەتەوە. زۆرێک لە ناوچەکان تووشی کەمی ئاو دەبن، ئەمەش واتە ئاوی پاکی پێویست نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک و ژینگە. پیسبوون و بەفیڕۆدانی ئاو زیاتر کێشەکەی گەورەتر كردووه. بەڵام هێشتا هیوایەک هەیە بە وەرگرتنی شێوازەکانی پاشەکەوتکردنی ئاو و ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەم سەرچاوە بەنرخە، دەتوانین گۆڕانکارییەکی گەورە دروست بکەین.
لە هەندێک شوێن، بەکارهێنانی بێباکی ئاو بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاو. کەمی ئاو دەتوانێت ببێتە هۆی دۆخێکی مەترسیدار بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و بۆ هه‌موو زینده‌وه‌رانی تر. ڕاپۆرتە شۆککەرەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرای دەکەن کە نزیکەی ٨٤٤ ملیۆن کەس دەستیان بە ئاوی پاکی خواردنەوە ناگات. ئەم ڕاستییە دڵتەزێنە جەخت لەسەر بەپەلەیی پاراستنی ئاو دەکاتەوە بۆ نەوەی ئێستامان و نەوەکانی داهاتوو. پاراستنی ئاو تەنیا هەڵبژاردن نییە؛ پێویستییەکی گرینگە بۆ خۆشگوزەرانی هەموو ژیان لەسەر زەوی.
پاراستنی خاك ڕێگه‌ی جیاوازی هه‌یه، یه‌كێك له‌وانه پاراستنی سه‌رچاوه سروشتیه‌كانیه‌تی بۆئه‌وه‌ی بتوانرێت ژیانی تێدا به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی به‌رده‌وام بێت. ئێمه له‌هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی گۆڕانی ئاووهه‌واوه ساڵانێكه ڕووبه‌ڕووی وشكه ساڵی ده‌بینه‌وه، بۆئه‌وه‌ی بتوانیت كۆنترۆڵی ئه‌و حاڵه‌ته بكه‌ین پێویسته پارێزه‌ری ئاو بین و وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتمانی ڕۆڵمان هه‌بێت له‌پاراستن و به‌فیڕۆنه‌دانی. له‌و سۆنگه‌یه‌وه ئێمه وه‌ك هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی خاك و نیشتمانمان، له‌مانگی ئابدا هه‌ڵمه‌تێكی نیشتمانی بۆ پاراستنی ئاو له‌هه‌رێمی كوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نین. ده‌مانه‌وێت له‌م كه‌مپه‌یه‌نه‌دا سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه و گونده‌كانی كوردستان به‌شداری پێ بكه‌ین، و ڕێنمایی و هۆشیاریی بگه‌یه‌نینه هاووڵاتیان به‌تایبه‌ت جه‌ختی تایبه‌تمان له‌سه‌ر ئافره‌تان ده‌بێت، چونكه ئافره‌تان به‌هۆی ئه‌نجامدانی كاروباری ناو ماڵ زیاتر به‌كارهێنه‌ری ئاون و ئه‌وان ده‌توانن میكانیزمێك بن بۆ هاندانی خێزانه‌كانیان تا بتوانن به‌شێوه‌یه‌كی دروست و گونجاو ئاو به‌كاربهێنن.
ئافره‌تان وه‌ك چۆن له‌هه‌موو كاتێكدا ڕۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌یه، له‌م كه‌مپه‌یه‌نه‌شدا ده‌توانن كاریگه‌ریی خۆیان هه‌بێت و كاردانه‌وه‌یه‌كی باشیان هه‌بێت بۆ به‌شداربوون و پێشوازیكردنی كه‌مپه‌ینه‌كه‌مان، و ببنه هۆكارێك بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵمه‌ته نیشتمانیه‌كه‌مان.
یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان، وه‌ك پاڵپشتیه‌كی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت هۆشیاریی به‌كارهێنانی ئاو بگه‌یه‌نێته زۆرترین له هاونیشتمانیان، له‌هه‌مانكاتدا سوود له‌ڕێگه جیاوازه‌كانی گه‌یاندنی هۆشیاری وه‌رده‌گرین بۆئه‌وه‌ی بتوانین به‌هه‌موو جۆرێك هه‌وڵی خۆمان بده‌ین هه‌تا هاونیشتمان له‌به‌ها و نرخی ئاوی پاك ئاگاداربكرێنه‌وه و وه‌ك خه‌مێكی جددی كاری له‌سه‌ر بكه‌ن و به‌رپرسیارانه ڕۆژانه بۆ پێداویستی ژیانی خۆیان ئاو به‌كاربهێنن.
ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه لای هه‌مووان ئاشكرا بێت، كه پێویسته ئێمه خۆمان له‌خه‌می خاك و وڵاتمان بین به‌تایبه‌ت سه‌رچاوه‌یه‌كی وه‌ك ئاو كه فاكته‌ری ژیان و به‌رده‌وامیدانه ده‌بێت به‌خودئاگاییه‌وه به‌كاری بهێنین و له‌هه‌موو كاتێكدا ئاگامان له‌وه بێت كه ئه‌و سامانه سروشتیه بپارێزین بۆئه‌وه‌ی بتوانین خاكێكی پاراو و به‌خێرمان بۆ بمێنێت و خۆمان به‌شێك بین له سه‌وز هێشتنه‌وه‌ی خاكی كوردستان و چاومان له‌ئاینده‌ی ئه‌م خاكه پیرۆزه بێت.