Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 14 APR 2026 10:37 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

نزاکانی دایە ئامینە و زوڵمەکانی عەجاج…
| KDP.info


لیزا فەلەکەدین کاکەیی

دەیان ساڵە کاراکتەرێکی تاریک لەناو ئەدەبیات و مێژووی کوردیدا بوونی ھەیە و لە شانۆ، ھۆنراوە، چیرۆک، پێشانگا و سینەما ڕۆڵی دڕندەیەک دەبینێت.

عەجاج، خوێنمژێک کە بە بینینی ئێسک و پروسکی ژن و پیاو و منداڵی کورد چێژی دەبینی.

ئەگەر لەگەڵ ھەر ڕزگاربوویەکی ئەنفالدا یان نەوەیەکی ئەنفالدا بدوێیت ئەوە لەدوای ناوی سەدام حوسێن و عەلی حوسێن کیمیاوی و بارق حنگە، ناوی چوارەم دەبیسیت کە “عەجاج”ە.

ئەوێ ڕۆژێ کە چل و دووەھەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکان بوو، مانشێتی ھەوڵەکان ھەمووی بووبە تایتڵی (عەجاج دەستگیرکرا)... 

ھەرکە ئەو ھەواڵەم بیست (دایە ئامینە)م بیر کەوتەوە کە خەڵکی گەرمیان بوو و ھاوسەر و ڕۆڵەکانی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتبوون و بەچاوی خۆی شاھێدی زوڵمەکانی عەجاج ببوو… بۆی گێڕامەوە:

لە نوگرە سەلمان بووین ھەردوو کچەکەم و بوکەکەم لەئێمە جیا کرانەوە، من و ھاوسەرەکەم لەتاو ئازاری دووری مناڵەکان و نەزانینی چارەنووسیان بەردەوام دوعامان دەکرد. لە ڕۆژێکی گەرمی ھاویندا ھاوسەرەکەم کە تەمەنی ( ٦٠) ساڵ دەبوو لەسەر  پارچە پەڕۆیەک نوێژی خۆی دەکرد، لەو کاتەدا دەستەکانی بۆ ئاسمان بەرز کردبووەوە و بەردەوام ناوی خوای دەھێنا… لەگەڵ تەوابوونی لە نزاکەی ویستم پەرداخێک ئاوی گەرمی بدەمێ، چونکە ئەمجارەیان زۆر لەسەرپارچە پەڕۆیەکە مایەوە و نزای زۆری کرد، فرمێسک لە چاوەکانی دڵۆپ دڵۆپ دەھاتنە خوار و ھەر دەیوت خوایە بە (ئازاد و بورھان) شادم بکەوە.

لەناکاو  پیاوێکی زلی خوێن تاڵ خۆی کردە ناو حەوشەی زیندانەکە و رووی لە پیاوەکەم کرد و پەرداخە ئاوەکەی لێ وەرگرتەوە و لەبەردەمیا ڕشتی، ھاوارم کرد و وتم بۆ ئەم زوڵمەی تاکو کەی؟!

دواتر ئەو سەربازانەی پاسەوانی عەجاجیان دەکرد پەلاماریان دام و منیان بردە سەربانی زینداکە و لەوێوە تەنھا سەحرایەکی لماویم دەبینی، لە دڵی خۆمەوە دەمگوت ئەی خوایە بۆ منیان ھێناوەتە ئەم بانە! 

دواتر چاوم لێبوو ھاوسەرەکەی من و دوو پیاوی دیکەیان لە زیندانەکە ھێنایە دەرەوە و چەند مەترێک دووری زیندانەکە ئەو عەجاجە خوێن مژە ھەرسێکیانی بەر گولەدا، ھەتا ھێزم تیابوو ھاوارم کردو و تفم کردە ناو چاوانی ئەو دڕندانەی کە لە دەورم بوون.

گێڕانەوەیەکی زۆر تاڵبوو، لە ھەمووشی ناخۆشتر دایە ئامینە ئەوەشی بینیبوو کە عەجاج و پاسەوانەکانی ھەرسێ تەرمەکەیان دەرخواردی سەگەکانی بیابان دابوو.

خۆزگە دایە ئامینە لە ژیاندا دەما و ئێستا ئەم ھەواڵەی دەبیست (روحی شاد بێت)، بەڵام دەیان دایە ئامینەی دیکە ھێشتا لە ژیاندا ماون کە شاھێدی زیندووی بەسەرھاتە تراژیدیاکانی نوگرە سەلمان و زوڵم و ستەمەکانی عەجاج و ھاوشێوەکانیانن کە دەتوانن ببن بە سکاڵاکار و گەوھیدەر بۆ کەیسەکانیان.

پێویستە ھەرچەند زووترە دەستبکرێت بە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی دادگاییکردنی عەجاج تا لە ژیاندا ماوە، لەبەر ئەوەی عەجاج گەورە تاوانبار و گەواھیدەری سەدان بەسەرھاتی تاڵی وەکو دایە ئامینەیە.

عەجاج کۆدی سەرەکی دۆسیەی ئەنفالە و ئەو کۆدەش پێویستی بە کردنەوە ھەیە بۆ ڕوونبوونەوەی چارەنووسی ھەزاران دایک و باوک و خوشک و برای بێ سەرو شوێنی نێو بیابانەکان.




دوایین هەواڵەکان

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ سی و هەشت ساڵەی کارەساتی ئەنفال

TUESDAY, 14 APRIL 2026 10:04:33

هەولێر-KDP.info- سەرۆک مەسعود بارزانی لە ٣٨ـەمین ساڵیادی کارەساتی ئەنفالدا ڕایدەگەیەنێت، ئەنفال زوڵمێکی گەورە و وانەیەکی مێژووییە کە نابێت فەرامۆش بکرێت، جەختیش دەکاتەوە کە ئەرکی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئەو جینۆسایدە بکاتەوە.

 
سەرۆکی حکوومەت: دەستکەوتەکانمان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە و کەس خێری پێ نەکردووین

TUESDAY, 14 APRIL 2026 09:04:24

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ٣٨ـەمین ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفالدا ڕایدەگەیەنێت، پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و قەرەبووی شایانی کەسوکاری ئەنفالکراوان بکاتەوە.

 
نێچیرڤان بارزانی: ئه‌نفال ته‌نیا تاوانێك نه‌بوو، به‌ڵكوو هەوڵی نه‌زۆكى سڕینەوەی ته‌واوى گه‌لێكى ئاشتیخواز بوو

TUESDAY, 14 APRIL 2026 09:04:20

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ٣٨ـەمین ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفالدا ڕایدەگەیەنێت، قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری قوربانییان بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی حکوومەتی عێراقە و جەختیش دەکاتەوە کە پاراستنی قەوارەی هەرێم گەورەترین وەفایە بۆ خوێنی شەهیدان.

 
٣٨ ساڵ بەسەر ئەنفالی گەرمیاندا تێدەپەڕێت، ڕۆژێک بۆ یادی ١٨٢ هەزار زیندەبەچاڵ

TUESDAY, 14 APRIL 2026 09:04:30

هەولێر-KDP.info- لە نیوەی دووەمی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، رژێمی لەناوچووی بەعس هەموو ڕێگەکانی جینۆساید، پاکتاوی ڕەگەزی، ئەنفال و کیمیابارانی بەرانبەر بە گەلی کورد بەکارهێنا، کە تەنیا تاوانیان ناسنامە کوردییەکەیان بوو، یەکێک لەو تاوانە دڕندانە، قۆناغی سێیەمی شاڵاوی ئەنفال بوو بەرانبەر بە خەڵکی گەرمیان و چەمچەماڵ، کە ئەمڕۆ ١٤ـی نیسانی ٢٠٢٦، رێک ٣٨ساڵ بەسەریدا تێدەپەڕێت.

 
لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی دادوەرێک بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی شەڕ لە هەولێر دەستبەکار دەبێت

MONDAY, 13 APRIL 2026 23:04:01

هەولێر-KDP.info- بە فەرمانی پارێزگاری هەولێر و لەسەر راسپاردەی وەزارەتی ناوخۆ، لیژنەیەکی باڵا بۆ خەمڵاندن و تۆمارکردنی زیانە گیانی و ماددییەکانی نێوان گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێکهێنرا.

 
 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact