سۆران-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، باسی وردەکاریی قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی ماستەرپلانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کەرتی گەشتیاری دەکات و دەڵێت، لە قۆناغی دووەمدا ناوچەکانی دیکەی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش دەگرێتەوە، وەکو سیدەکان و باڵەکایەتیش.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تایبهت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ماستەرپلانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کەرتی گەشتیاری نەک تەنیا لەسەر ئاستی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەڵکو لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش و سۆران ناوچەیەکی گەشتیارییە و سرووشتی جوانی زۆری ھەیە، بۆیە ئێمە ھەڵساین لە ساڵانی ڕابردوودا ئەو ماستەرپلانەمان ئامادە کرد، کە سەرۆکی حکوومەت راستەوخۆ سەرپەرشتیی دیزاینەکەی دەکرد و قۆناغی یەکەمی تەواو بووە و کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەڵگورد شێخ نەجیب گوتیشی، "لەگەڵ جێبەجێکردنیدا، ئێمە کارمان لەسەر ژێرخانی رێگهوبان کردووە بۆ ئەوەی گەشتیاران بە ئاسانی بگەنە ئەو ناوچەیە، کە بەشی یەکەمی گەلی عەلی بەگ لەخۆ دەگرێت و چیای باپشتیان و بێخاڵ و تەلەفریکێک بە درێژایی ١١کم لە خاڵی دەستپێکی لەلای قەپان دەست پێدەکات و دێتە گەلی عەلی بەگ و چیای کۆڕەک و چیای باپشتیان و دەچێتە بێخاڵ و شنگلبانە و کۆڕەک خۆی لە یەک دەداتەوە، تا گەشتیاران دیمەنی جوانی سرووشتیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ببینن.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دهشڵێ، "بە تەواوبوونی قۆناغی یەکەم، کەرتی گەشتیاری لە سۆران دەچێتە قۆناغێکی باشتر، ئەوەش دەستپێکی ماستەرپلانەکەیە و قۆناغی دووەم دەچێتە باڵەکایەتی و ناوچەی سیدەکان و دۆڵی ئالانە و دۆڵی ئاکۆیان ھەمووی دیراسە کراوە بە شێوەی باشتر سوود لەبابەتی گەشتیاری وەربگرین.
ھەڵگورد شێخ نەجیب دەشڵێت، پێش دەستپێکردنی دیزاینی ماستەرپلانی گەشتیاری، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لیژنەیەکی تایبەتمان پێکھێنا بۆ سەرژمێریکردنی ھەموو ناوچە گەشتیارییەکانی ناو ماستەرپلانەکە، کە لەو دیزاینە نوێیەدا شوێنی ھەمووان کراوەتەوە و قەرەبووی زیانی ئەوانیش دەکرێتەوە، کە بە ئیدارەیەکی تازەوە بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار بە شێوەیەکی باشتر سەرپەرشتی دەکات و پێشوازی لە گەشتیاران دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم