ڕۆژئاوای کوردستان -KDP.info- مەزلوم عەبدی لە گوتاری ئەمڕۆی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکھەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد و گوتی "سەرۆک بارزانی ھەوڵی زۆری دا بۆ یەکڕیزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، ھەوڵ و ماندیبوونی لەبیر ناکەین و سوپاسی دەکەین."
مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی ھەسەدە لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکھەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی "ماوەی ١٤ساڵە ئێمە لەشەڕداین، لەپێناو پاراستنی گەلەکەمان ئێستاش هەر بەردەوامین، لەم ھەرێمە شەڕێکی دژوار کرا کە لەم شەڕەدا نزیکەی ١٣ھەزار کچ و کوڕی ئێمە شەھید بوون، نزیکەی سێ ھەزار کەسی دیکەش برینداربوون، بۆیە سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەھیدان دادەنوێنین و ئەم کۆنفرانسەش دەکەینە دیاری بۆ شەھیدانمان، بۆیە ئەم کۆنفرانسەی یەکڕیزی و یەکھەڵوێستی کورد بڕیاری لەناکاو نەبوو، بەڵکو لە ئەنجامی ھەوڵ و کۆبوونەوە و گفتوگۆی دوورودرێژی لایەنە سیاسییەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بووە، بۆیە زۆر سیاسەتمەدار و لایەنی سیاسیی پارچەکانی دیکەی کوردستان ھەوڵیان دا بۆ یەکخستنی ھەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان و ھاوکاریی ئێمەیان کرد، لە سەرووی ھەمووانیش سەرۆک بارزانی کە ھەوڵ و ماندوبوونی لەبیر ناکەین و سوپاسی دەکەین."
مەزلوم عەبدی گوتیشی "یەکێتی کوردان یەکێتی سوریایە و بەھێزی کوردیش بەھێزی سوریایە، زۆر نەتەوە و ئاین و پێکھاتە لە سوریا دەژین، پێویستە لە سوریای نوێ دەستوورێک دابندرێت نامەرکەزی بێت و مافی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی تێدا پارێزراو بێت، ئێمە پێویستمان بە سوریایەکی نوێی دیموکرات و نامەرکەزی ھەیە، ماوەی ١٢ ساڵە کورد، عەرەب، ئاشووری، ئەرمەن و چەندین پێکھاتەی دیکە بە ئاشتییانە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەژین و پێکەوەش شەڕی تیرۆرمان کردووە و پێکەوە مێژوومان تۆمار کردووە، لەبەر ئەوەش یەکێک لە کارە پێشینەکانمان پاراستنی ئەم دەستکەوتانە و جێگیربوونی ھەرێمەکەمانە کە چەندین ساڵ لە لایەن ڕژێمی پێشووی سوریا پشتگوێ خرابوو."
دەشڵێت "لەم کۆنفرانسە، لایەنە سیاسییەکانی کورد پێکەوە دانوستان دەکەین لەسەر ئامادەکردنی ڕەشنوسێک و پێکھێنانی شاندێکی ھاوبەش بۆ دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق بۆ دابینکردنی مافی کورد لە سوریای نوێدا."
بڵند ئیبراھیم