Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 13 DEC 2025 17:20 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

دەقی وتاری سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و جیھان و پەرلەمانتارانی وڵاتان و نوێنەر و نێردەی وڵاتان لە ئەمەریکا و ئەورووپا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کەسایەتییە ئایینیەکان لە نەتەوە جیاوازەکان ڕۆژی نزای نیشتیمانی لە کوردستان لە ژێر دروشمی (بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا) ڕۆژی نزای نیشتمانی لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

یەکەمجارە لە ھەرێمی کوردستان رۆژی نزای نیشتیمانی بەڕێوەدەچێت، لەم ڕۆژەدا سەرۆک مەسعود بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و لە دەستپێکی وتارەکەیدا وێڕای دووپاتکردنەوەی ھاوخەمیی خۆی بۆ لەدەستدانی قەداسەتی پاپا فرانسیس، جەختی لەوە کردەوە کە کەلتووری پێکەوەژیان و یەکترقبولکردن و ئازادی بیروڕای دین و مەزھەب لە دێر زەمانەوە لە کوردستان ھەیە و شانازی پێوە دکەین و داکۆکی دەکەین کە بەردەوام دەبین لەسەر ئەم ڕێگەیە.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا، لە سەرەتای دەسەڵاتی مەشیخەتی بارزان بە ڕابەرایەتیی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شێخ ئەحمەدی بارزانی، ڕێزگرتن لە ئایینە جیاوازەکان و یەکتری قەبووڵکردن بەشێکی سەرەکیی بیروباوەڕی ئێمە بووە.

دەقی وتاری سەرۆک مەسعود بارزانی:

بە ناوی خوای گەورە و میھرەبان

پێشەکی بەخێرھاتنێکی گەرمی ھەمووتان دەکەم، میوانە بەڕێزەکان. 

بەخێربێن بۆ کوردستان، لانکەی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی.

پێش ئەوەی دەست بکەم بە وتارەکەم، دەمەوێ جارێکی تر رایبگەیەنم، ھاوبەشی ھەموو مرۆڤدۆستانین لە جیھان بۆ لەدەستدانی پیاوێکی گەورەی ئاشتیخواز، مرۆڤدۆست، ئەویش قەداسەتی پاپا.

ئەمە یەکەمجارە کۆبوونەوەیەکی وا لە کوردستان رێک دەخرێت و مەبەست ئەوەیە کە جیھان ئاشنا ببێت بەو کەلتوورە دەوڵەمەندەی کە لە کوردستان ھەیە و لە دێر زەمانەوە ئەو کەلتوورە لە کوردستان ھەبووە، ئەویش کەلتووری پێکەوەژیان و یەکتری قەبووڵکردن و ئازادیی بیروڕا و دین و مەزھەبە. ئەو کەلتوورەیە کە ئێمە شانازیی پێوە دەکەین و داکۆکیش دەکەین کە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو رێگایە. ئومێدەوارم کە ئەم کۆبوونەوەیە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئەو برایەتییە و ئەو پێکەوەژیانە لە کوردستان قووڵتر و فراوانتر ببێت.

خوداپەرستی خاڵێکی ھاوبەشە بۆ کۆکردنەوەی ئایینە جیاوازەکان، حەق جیا ناکرێتەوە، گەیشتن بە حەق ڕێگەی زۆرە و ئایینە پیرۆزەکان ھەموویان کە حەقیقەتی وەحدانیەتی خودایان قەبووڵە، ھەموویان بە دوای ئەو راستییەدا دەگەڕێن و پێویستە ڕێز لە ھەموویان بگیرێت، جەوھەری دینیش ئەخلاقە.

رومی دەفەرموێت: حەق وەک لوتکەی چیایە، چەندین رێگە ھەیە بۆ گەیشتن بە لوتکە، بەڵام ئامانج یەکە، ئەویش گەیشتنە بە حەق.

لە سەرەتای دەسەڵاتی مەشیخەتی بارزان بە رابەرایەتیی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شێخ ئەحمەدی بارزانی، رێزگرتن لە ئایینە جیاوازەکان و یەکتری قەبووڵکردن بەشێکی سەرەکیی بیروباوەڕی ئێمە بووە، ئەمەش پشت بەستنە بە فەرموودەی خوای گەورە کە لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی: 

بسم الله رحمن الرحیم

(یَا أَیُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ).

ئەمە ئایەتێکی قورئانی پیرۆزە و رێنیشاندەرە بۆ ئەوەی چۆن ئێمە لەسەر ئەو بیروباوەڕە بەردەوام بین کە ئەویش پێکەوەژیان و یەکتری قەبووڵکردنە.

بە درێژایی مێژوو، کاتێک ھێرش دەکرایە سەر کوردستان، زۆرداران ھیچ فەرق و جیاوازییەکیان نەدەکرد لە بەینی موسوڵمان و مەسیحی و ئێزدی و ھەموو گوندەکانیان سوتاند، ھەموو راگوێزران، ھەموویان کۆمەڵکوژ کران، زیندەبەچاڵ کران. ئاخیریشی شەڕی داعش کە جیاوازییان نەکرد لە نێوان موسوڵمان و مەسیحی و ئێزدی و تاوانی زۆر گەورەیان ئەنجام دا. لە مقابلی ئەوەدا پێشمەرگە قارەمانەکان بە گیانفیداییەکی بێ وێنە بەرگرییان لە ھەموویان کرد و ئستورەی داعشیان تێکشکاند، بەڵام بە باجێکی زۆر زۆر گەورە ئەویش نزیکەی ١٢ ھەزار شەھید و بریندار.

با ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ لەمەودوا کە ئەم جۆرە کۆبوونەوانە ئەنجام بدرێن، بۆ ئەوەی ھەموومان بزانین پێش ھەموو شتێک، ھەموومان بەندەی خواین و لە مرۆڤایەتیدا ھەموومان خوشک و برای یەکترین. بە یەکتری قەبووڵکردن، بە محەبەت، بە خۆشی دەتوانین ھەموو پێکەوە بژین، بەڵام بە زۆرداری، نە زۆردار دەتوانێ ئیسراحەت بکات، نە زۆرلێکراو دەتوانێ ئیسراحەت بکات.

ھەموو پێغەمبەرەکانیش راسپاردە و ئامۆژگارییان ئەوە بووە کە دەستی برایەتی بۆ یەکتری درێژ بکەن، نەسیحەتی پێکەوەژیانیان کردووە.

ئیتر لە کۆتاییدا من داوا دەکەم لە خوای گەورە کە ھیدایەتی ھەموو لایەک بدات، ئاشتی بەرقەراربێت لە ناوچەکە و لە جیھان ھەمووی، برایەتی بەرقەرار بێت. تەمەنا دەکەم کاتێکی خۆش لە کوردستان بەسەر ببەن و ئێمە شانازیتان پێوە دەکەین و جارێکی تر بەخێرھاتنێکی گەرمی ھەمووتان دەکەین، سوپاسی ھەموو ئەو بەڕێزانەش دەکەین کە ئەم کۆبوونەوەیان ڕێکخستووە، دەستیان خۆش بێت.

وسلام علیکم.




دوایین هەواڵەکان

سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە بەرهەم ساڵح دەكات

SATURDAY, 13 DECEMBER 2025 16:12:57

ھەولێر-KDP.info-  لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا سەرۆك مەسعود بارزانی پیرۆزبایی لە دكتۆر بەرهەم ساڵح كرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی كۆمسیارانی باڵای كاروباری پەنابەرانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان.

 
پەیامی هاوخەمی بارەگای بارزانی بۆ سەفەر زكری نێروەیی

SATURDAY, 13 DECEMBER 2025 14:12:51

ھەولێر-KDP.info-  بارەگای بارزانی پەیامێکی ھاوخەمی بۆ سەفەر زكری نێروەیی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتیی:

 
نوێنەری سەرۆکی حکوومەت، ساڵیادی دامەزراندنی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان پیرۆز دەكات

SATURDAY, 13 DECEMBER 2025 13:12:03

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە 2025.12.13، شاندێک بەنوێنەرایەتی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتبوو لە د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و چیا هەرکی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی، سەردانی سه‌ركردایه‌تی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانیان كرد و لەلایەن سکرتێرى حزب و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی حزبەكەوە پێشوازیان لێكرا.

 
پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ یادی (٤٠) ساڵەی دامەزراندنی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

SATURDAY, 13 DECEMBER 2025 12:12:24

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە یادی چل ساڵەی دامەزراندنی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستاندا، بە گەرمی پیرۆزبایی له‌ سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت، جەخت دەکەینەوە سەر هاریکاری و هەماهەنگی نێوانمان و سەرجەم پارت و هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ پتەوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان و بەرقەراربوونی ئاشتەوایی و پاراستنی دەستکەوتەکانمان.

 
وه‌زیرانی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی له‌ باره‌ی چه‌مچه‌ماڵه‌وه‌ بۆ KDP زانیاری نوێ ده‌خه‌نه‌ڕوو

SATURDAY, 13 DECEMBER 2025 12:12:59

چەمچەماڵ-KDP.info- وەزیری تەندروستی گوتی، ئەمڕۆ كەلوپەلی پزیشكیی زۆر دەگەیەنرێتە چەمچەماڵ و وەزیری پەروەردەش ده‌ڵێ، 50 ملیۆن دینار بۆ چەمچەماڵ تەرخانکرا.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact