ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی، پێشوازیی لە عرفان سدیق، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق کرد، لە دیدارەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی دۆستایەتی و پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کوردستان و بەریتانیا کرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢-٤-٢٠٢٥، لە سەڵاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە عرفان سدیق، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق کرد، لە دیدارەکەدا کە ئاندرۆ بیزلی کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە ھەولێریش ئامادەی بوو، سەرۆک بارزانی بەخێرھاتن و پیرۆزباییەکی گەرمی لە باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق کرد بۆ دەستبەکاربوونی و وێڕای دەربڕینی ھەموو جۆرە پاڵپشتییەکی خۆی، ھیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق خواست لە ئەرک و کارەکانیدا.
ھەر لەو دیدارەدا باسی ڕووداوەکانی ناوچەکە بە گشتی و پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرا.
لە کۆتایی ئەو دیدارەدا جەخت لە پەرەپێدانی دۆستایەتی و پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کوردستان و بەریتانیا کرایەوە.
