ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی لە یادی ١٢٧ ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کاری ڕاگەیاندن و میدیایی فاکتەرێکی گرنگی برەودانی ھۆشیاریی نەتەوەیی و پاراستن و دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردین.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردستان:
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
بە بۆنەی سەد و بیست و حەفتەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی کە ھاوکات ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیشە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووس و میدیاکارانی کوردستان دەکەم.
ڕۆژنامەگەری و کاری ڕاگەیاندن و میدیایی فاکتەرێکی گرنگی برەودانی ھۆشیاریی نەتەوەیی و پاراستن و دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردین، ھاوکات ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی کوردی چەکێکی بەھێزە بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بە جیھان و ھەروەھا ئامرازێکی کاریگەرە بۆ پاراستنی فەرھەنگی پێکەوەژیان و قووڵترکردنی کولتووری ئاشتیخوازی و لێبوردەیی گەلی کوردستان.
لەو یادەدا داوا لە ھەموو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارانی خۆشەویست دەکەم لە ئەرک و کارەکەیاندا پیشەییانە لەگەڵ ڕووداو و پێشھاتەکاندا مامەڵە بکەن و ڕەچاوی بەھاکان و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان بکەن.
ھیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ ھەموو ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەخوازم.
مسعود بارزانی
٢٢ـی نیسانی ٢٠٢٥