میونشن-KDP.info- ھەر لە درێژەی بەرنامەکەیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٥/٢/١٥، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا تاوتوێ کران، ھەروەھا باسیان لە چۆنیەتیی بەھێزکردنی ھاوکاری لە بواری سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا کرد و تیشکیان خستە سەر پێشھاتە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و سووریا و ناوچەکە.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر برەودان بە پەیوەندیی دۆستانەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش کردەوە، ھەروەھا ئاماژەی بە گرنگیی ھاریکاریی ھاوبەش لەگەڵ تورکیا لە ھەموو بوارەکان، بەتایبەتی لە بواری ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا، کرد.
لای خۆیەوە، وەزیرھاکان فیدان خواستی تورکیای بۆ بەھێزکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستاندا نیشان دا، ھەروەھا جەختی لەسەر گرنگیی ھەماھەنگیی ھاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و کارکردن بۆ بەدیھێنانی سەقامگیری و گەشانەوە لە ناوچەکەدا کردەوە.
پێشھاتەکانی ناوچەکە و دۆخی سووریا، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.