بهغدا-KDP.info- ئیتاڵیا و عێراق بەڵێنەکانیان نوێ کردەوە لە بارەی نیشاندانی هەموو جۆرە هەوڵێک بۆ ڕێگریی کردن لە بارگرژیی هەرێمیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، ئەنتۆنیۆ تاجانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا، هەڵسەنگاندنیان بۆ دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە کە هەردوو وەزیر نیگەرانیی قووڵیان لە بارەی زیادبوونی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕیوە و، ڕایگەیاند: "ئیتاڵیا و عێراق بەڵێنەکانیان نوێ دەکەنەوە لە بارەی نیشاندانی هەموو جۆرە هەوڵێک بۆ ڕێگریی کردن لە بارگرژیی هەرێمیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە هەردوو وەزیر بەردەوام لە پەیوەندی نزیکدا دەبن لە بارەی بابەتەکە.
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا تاجانی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەوە کرد حکوومەتی ئیتاڵیا هەوڵی داوە بۆ ڕێگریی کردن لە گرژییەکانی ناوچەکە و، ڕایگەیاند: "سەقامگیری لە عێراق لە ڕووی ئاسایشی ناوچەکەوە گرنگییەکی زۆری هەیە".
ئەنتۆنیۆ تاجانی باسی لەوە کرد کە خوازیاری هاریکارین لەگەڵ عێراق بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە غەززە و، گرنگیی دەدەن بە فەراهەمکردنی ئاشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.