بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دوای دەستبەکاربوونی لیژنەی دارایی، حکوومەت بودجەیەکی تایبەت بۆ پەرلەمان ڕەوانە دەکات بەھۆی نەبوونی بودجەی گشتییەوە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت و ببێتە یاسا، ئەمەش بۆ پشتگیریکردن لە ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدانی پارێزگاکان و بەڕێوەبردنی کاروباری حکوومەت.
ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق، خەلیل غازی حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لیژنەی دارایی پێک ھاتووە و لە پەرلەمانیش پەسەند کراوە و ئەو لیژنەیە ئێستا دەستبەکار بووە و کار لەسەر بودجەیەک دەکات و دادەنرێت بە ناوی بودجەی پشتگیریی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدانی پارێزگاکان کە بڕەکەی ٢٥ ترلیۆن دینارە، بۆ ئەوەی کاروبارەکان و پڕۆژەکانی پێ جێبەجێ بکرێت، کە بەشێک لە پڕۆژەکان وەستاون، چونکە لیژنەی دارایی نەبێت ناتوانێت کاری لەسەر بکات، بۆیە لیژنەی دارایی پێک ھاتووە و کار لەسەر بودجەیەک دەکات کە حکوومەت ڕەوانەی دەکات".
خەلیل غازی حەسەن گوتیشی: "بەھۆی ئەوەی بودجە نییە، بودجەیەکی تایبەت تەرخان دەکرێت بۆ ئەوەی کاروباری حکوومەت بەڕێوە ببردرێت، کە ھەموو جۆرە پڕۆژە و کارێک لەخۆی دەگرێت و پشکی ھەرێمیشی تێدا دەبێت و ئێمە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەین کە ڕێژەیەکی باش لەو بودجەیە بۆ ھەرێم تەرخان بکرێت".
بڵند ئیبراھیم