دووزخورماتوو -KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەییی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتی، ھێزی پێشمەرگە بە ھاوکاریی ھاوپەیمانان لە سنووری قەزای دووزخورماتوو ئۆپەراسیۆنێکیان دژی داعش ئەنجام دا، بەو ھۆیەوە ھەشت چەکداری داعش کوژراون و پێنج ئۆتۆمبێل و ماتۆرسیکلیان تێک شکێندراون و چەندین مۆڵگەشیان خاپوور کراون.
نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەییی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ ھێزی پێشمەرگە بە ھاوبەشی لەگەڵ ھاوپەیمانان لە ناوچەی زنانە و داوودە لە سنووری قەزای دووزخورماتوو ئۆپەراسیۆنێکیان دژی داعش ئەنجام دا، ھێزی پێشمەرگە بە زەمینی و ھاوپەیمانان بە فڕۆکە، لەو ناوچانەی داعش جموجۆڵی زۆر بووە ئۆپەراسیۆنەکەیان بەڕێوە برد.''
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی: "لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنە ھەشت چەکداری داعش کوژراون و دوو ئۆتۆمبێل و سێ ماتۆرسیکلیان تێک شکێندران و چەند مۆڵگەیەکیان لەناو بردراون و خاپوور کراون، چونکە لەو ناوچانە جموجۆڵی داعش گەلێک زۆر بووە .
تەڵعەت باسی لەوەش کرد: "ئەو ناوچانە کوردنشینن و ھێزی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان ئەو ئۆپەراسیۆنەیان ئەنجام دا و ھێزی عێراقی بەشدارییان تێدا نەکردووە."
بڵند ئیبراھیم