Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 20 APR 2024 15:30 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پانۆڕامای سەردانی فەرمیی شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) بۆ كۆماری پۆڵۆنیا
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- شاندێكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زنجیرەیەك دیداری سیاسی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی و ناوەندەكانی  شیكاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی پۆڵۆنیا ئەنجام دا.

لە درێژەی كار و چالاكییە دیپلۆماسییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان  بۆ بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییەكانی دەرەوە و گەیاندنی دیدگای پارتی و هەرێمی كوردستان لەسەر دۆخی ئێستا و ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوانیان و، شیكردنەوەی دۆخی ئێستا و باسكردنی گۆڕانكاری و پەرەسەندنەكانی سیاسی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچەكە، شاندێكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە و ئەمیر عەبدوڵڵا جەرجیس بەرپرسی دیسكی ئەورووپا لە پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) و بە بانگهێشتێكی فەرمیی كۆڕبەندی ئاساییشی وارشۆی ٢٠١٩ گەییشتنە وارشۆی پایتەخت و لە یەكەمین دیدار و چالاكییاندا، شاندەكە لە لایەن وەزیر دكتۆر ماچێی لانگ، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری پۆڵۆنیا و بەرپرسی كاروباری سیاسی و ئاسایشی وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ ئاسیا، ئەفریقیا، ئەمەریكا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و، بارتۆش گرۆداتسكی بەرپرسی فەرمانگەی كاروباری كۆنسوڵخانەكان لە وەزارەتی دەرەوە و، ستێفان هەینۆڤیچ ڕاوێژكاری جێگری وەزیری دەرەوە بە گەرمی پێشوازی كران، بەهۆی ئەوەی شاندەكە لە ڕۆژی پشوودا گەییشتنە وارشۆی پایتەخت، كە شەمە بوو بۆ كۆبۆنەوە لەگەڵ شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) دا، هەر بۆیە  لەلایەن جێگری وەزیری دەرەوە  دكتۆر ماچێی لانگ شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیمۆكراتی كوردستانیان  بانگهێشتی سەر خوانی نانی بەیانی كرد.

لە دیدارەكە دا، هۆشیار سیوەیلی، سوپاسی پێشوازیی گەرم و دۆستانەی دكتۆر لانگ وەزیری دەرەوە كۆماری پۆڵۆنیای لە شاندەكە كرد و هیوای خواست، كە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو گەلی پۆڵۆنیا  و حكوومەتەكەیان لەگەڵ  كوردستان و حكوومەتی هەرێم بگاتە ئاستێكی پێشكەوتووتر، كە هەردوولا هەوڵی بۆ دەدەن. سوپاسی هاوكاری و پشتیوانی كۆماری پۆڵۆنیاشی كرد، كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی شەڕی  داعش بۆ كوردستان و گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارەكانی جەنگ و گرنگیدانیان بە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و، بەتایبەتی هەوڵەكانی ئەم دوایەی جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری پۆڵۆنیا و باڵیوزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا و، كۆنسوڵی كۆماری پۆڵۆنیای لە هەرێمی كوردستان كە لە كۆتایی مانگی تەموزی ئەمساڵ سەرۆكایەتی شاندی كۆماری پۆڵۆنیایان كردبوو بۆ هەولێری پایتەخت و، لەگەڵ بەڕێزان سەرۆكی هەرێم و سەرۆكوەزیران و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دیدار و چاوپیكەوتنی سیاسی گرنگیان ئەنجام دابوو بۆ خزمەتی پێشكەوتنی پێوەندییە ئابوورییەكان، سیاسی و دیپلۆماسی و هاوكاری و لێكتێكگەییشتن لە نێوان هەولێر و وارشۆدا.

هۆشیار سیوەیلی، سەرۆكی شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) بە تێروتەسەلی دیدگای پارتی و هەرێمی كوردستان لەسەر پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا و پەیوەندییەكانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و دوا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، دووای نەمانی داعش و ڕەهەندەكانی دوای  پۆست داعش و پرسی دەستوور و ناوچەكانی كێشە لەسەر، پرسی ئاوارەكانی جەنگ و ناكۆكییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە ناوچەكەدا و بارۆدۆخی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستان  و ئاشتی و ئاساییش و سەقامگیری لە ناوچەكە و چەندین تەوەری تریان لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەەوەی كۆماری پۆڵۆنیا تاوتوێ كرد، و هیوای خواست كۆماری پۆڵۆنیا برەو بە پەیوەندییەكانی دەرەوە و ئابووری و پەیوەندییەكانی سیاسی خۆی بدات لەگەڵ هەرێمی كوردستان دا، شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان هەروا  داوای لە جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری پۆڵۆنیا كرد، كە ئاستی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆماری پۆڵۆنیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان  بەرزبكەنەوە بۆ ئاستی كۆنسوڵگەری گشتی لە هەولێری پایتەخت.                                                                                                                                         

دواتر شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیمۆكراتی كوردستان هەروا بە جیا لە لایەن بەرپرس و ستافی فەرمانگەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە باڵاخانەی وەزارەتی دەرەوە پێشوازییان لێ كرا و، لە كۆبوۆنەوەیەكی سیاسیدا شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)، چەندین بابەتی گرنگیان پەیوەست بە دوا پەرەسەندنەكانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراق و هەرێمی كوردستان و، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی هەرێم و برەودان بە پەیوەندییەكان لەگەڵ كۆماری پۆڵۆنیا لە بواری سیاسی، ئابووری، كولتووری و چەندین بواری دیكە خرانە بەر باس و گفتۆگۆ، بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باكووری ئەفریقیا و چێگرەكەی  خۆشحاڵی خۆیان بە دیدار لەگەڵ شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) خستە ڕوو و، ڕایانگەیان كۆماری پۆڵۆنیا لە ئاستی وەزارەتی دەرەوەیدا گرنگییەكی تایبەت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری عێراق و هەرێمی كوردستان و شەڕی بنبڕكردنی تیرۆر لە ناوچەكە و ئاشتی و سەقامگیری و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان دەدەن، هەردوولا  سەبارەت بە دوا سەردانی شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی و وەزیری هاوكاری مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكان دۆستانە لەگەڵ باڵیۆزخانەی كۆماری پۆڵۆنیا لە بەغدا و، كۆنسوڵگەری پۆڵۆنیا لە هەولێری پایتەخت و هەماهەنگی و پەیوەندی نێوانیان دوان و هیوایان خواست ئاڵۆگۆڕی شاند لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری پۆڵۆنیا بەردەوام بن. هەروەها  شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) بە جیا چاویانكەوت بە خاتوو ڕێناتا تشچینسكا، كۆنسوڵی پێشووی كۆماری پۆڵۆنیا لە هەرێمی كوردستان، كە لە ئێستادا لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بەرپرسی فەرمانگەی هاوكاری مرۆیی  وەزارەرتی دەرەوە و لە دیدارەكەدا لەگەڵ شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) پرسی ئاوارەكانی شەڕی داعش و هاوكارییەكانی مرۆیی پۆڵۆنیا بۆ هەرێمی كوردستان و سەردانی وەزیری هاوكاری مرۆیی پۆڵۆنیا بۆ هەرێمی كوردستان و میكانیزمی فراوانكردنی هاوكارییەكانی مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان خرانە روو، شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) ئامادەیی خۆی پێشاندا بۆ سەركەوتنی  پرۆگرامی هاوكارییەكانی پۆڵۆنیا لە هەرێمی كوردستان .                                                                                                                                           

لە چوارچێوەی سەردانی شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ وارشۆی پایتەخت، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری پۆڵۆنیا و بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باكووری ئەفریقیای وەزارەتی دەرەوە لە كۆبۆنەوەیان دا لەگەڵ شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوە خواستی كۆماری پۆڵۆنیایان بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی سیاسی و، ئابووری و كەلتووری و گرنگیدانیان بە چەندین لایەنی جێی بایەخ لە نێوان پۆڵۆنیا و كوردستان تاوتوێ كرد، ڕایانگەیاند كە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئاستی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی كۆماری پۆڵۆنیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان دا بەرز دەكەنەوە بۆ كۆنسوڵخانەی گشتی لە هەولێری پایتەخت، كە ئەم هەنگاوی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری پۆڵۆنیا دەرگای هاوكاری و لێكتێگەییشتن و فراوانكردنی پەیوەندیی سیاسی و بازرگانی لە نێوان هەردوو گەلی دۆست و كۆماری پۆڵۆنیا و هەرێمی كوردستان دەباتە ئاستێكی پێشكەوتووتر.

پاشان شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، دیمانەیەكی لەگەڵ ڕۆژنامەوان ڤیتۆڵد ڕێپێتۆڤیچ بۆ سایتی فەرمی و تەلەڤزیۆنی فەرمیی پۆڵۆنی (تیڤی – پ) ئەنجام دا لەسەر ئامانجی  سەردانی شاندەكە بۆ پۆڵۆنیا و پەیوەندیییە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەرەوە و، دوا پێشهاتەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و  پرسی مەترسییەكانی پاشماوەكانی  داعش لە ناوچەكە، كە لە ئێستادا ژمارەیەكی بەرچاویان لە نێو كەمپەكاندا دەژین و، مەترسین بۆ سەرهەڵدانەوەی هزری توندڕەوی داعش بۆ ئێستا و ئایندە لە كوردستان و عێراق و ئەورووپا، كە دەبێ كۆمەڵگای نیودەوڵەتی و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان چارەسەری بنەڕەتی بۆ بدۆزنەوە.                                                                                                                                                           

شاندەكەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) لەسەر داوای ئەكادیمیای ئەورووپای نوێ و دەزگای لاوانی دیپلۆماتیی پۆڵۆنیا بەشدارییان لە سیمینارێكی گرنگدا كرد، كە بە تایبەتی بە هۆی سەردانی شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)  ساز كرا بوو لەژێر ناونیشانی: (ئایندەی هەرێمی كوردستان)، كە لە باڵاخانەی دەزگای لاوانی دیپلۆماتی ئەورووپا لە وارشۆی پایتەخت سازكرا لە لایەن یاكۆب ساڤیتسكی، ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسانی نوخبە و ئەكادیمی و هاوسۆزی پرسی كورد لە نووسەر و ڕۆژنامەوان لە دیدارەكەدا تێیدا ئامادە بوون، هەریەك لە خاتوو ڕێناتا تشچینسكا، كۆنسوڵی پێشووی كۆماری پۆڵۆنیا لە هەولێر و، مارچین فالینسكی سكرتێری پێشووی باڵیۆزی پۆڵۆنیا لە بەغدا ئامادەی سیمینارەكە بوون. هەریەك لە  هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) و، پیۆتر سۆسنۆڤسكی، لە  ئەكادیمیای ئەورووپای نوێ، ڕۆژنامەوان و نووسەر ڤیتۆڵد ڕێپێتۆڤیچ لە دەزگای هزری كاژمێژ پۆواسكی، ئەرتۆر ڤرۆبلێڤسكی، لە زانكۆی وازارسكی وەك كۆڕگێر بانگهێشت كرابوون. جیا لە باسكردنی  خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆیی لە هەموو پارچەكانی كوردستان و، شیكردنەوەی باردۆخی ئێستا و ئایندەی هەرێمی كوردستان، هەروەها لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و وڵاتانی ناوچەكە  و حوكمڕانی دوای ڕێفرەندۆم و، پەیوەندیییەكانی دیپلۆماسی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ دەرەوە قۆناغی پۆست داعش پرسی ئاو و سەرهەڵدانی ناكۆكی سیاسی لە نێوان عێراق و توركیا ناكۆكیی نێوان ئەمەریكا و ئێران و وڵاتانی ناوچەكە و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوا و پارچەكانی تری كوردستان و ئایندەی هەرێم لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە تاوتوێ كران.                                                                                                         

هەر لە میانەی سەردانی شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د،ك) دیمانەیەكی ڕاستەوخۆی لەگەڵ پەیامنێری ڕادیۆی (ڤنێت –ئێف ئێم)، ماچێی یان ستژێمبسكی ئەنجام دا، سەبارەت بە ڕیفراندۆم و پۆست داعش و ڕەهەندەكانی دوای ئەنجامدانی ڕێفرەندۆم و كۆتایهێنان بە داعش و پێگە و رۆڵی پارتی لە حكومڕانی هەرێمی كوردستان، هەڵوێستی پارتی لەسەر ناكۆكییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران، پرسی دەستێووەردانی ئێران لە عێراق، هەڵوێستی هەرێم بەرانبەر خەباتی پارچەكانی دیكەی كوردستان و، ڕۆڵی پێشمەرگە لە تێكشكاندنی داعش و چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، پرسی كورد و پرۆسەی ئاستی لە توركیا و شەڕ لە سوریا و  و سەهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و، نیگەرانییەكانی هەرێمی كوردستان لە سەر گرفتەكانی لەگەڵ بەغدا و پرسی ئاوارەكانی شەڕ و پاشماوەكانی داعش و پەیوەندییەكانی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەرێمی كوردستان و پێشبینییەكان بۆ ئێستا و ئایندەی هەرێمی كوردستان لە دیدگای پارتی دیمۆكراتی كوردستانەوە شی كرانەوە.                                                                                     

شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە  درێژەی دیدار و كۆبۆنەوەكانیاندا بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر پرسە هەستیارەكانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراق و هەرێمی كوردستان، لەلایەن دكتۆر ئادام ئێبێرهارد، بەرپرسی سەنتەری  لێكۆڵینەوەی خۆرهەڵاتناسی پۆڵۆنیا و كژیشتۆف ستراخۆتا بەرپرسی تیمی توركیا و قەفقاز و نێوەڕاستی ئاسیای دەزگاكە و، چەند  توێژەرێكی ناوەندی لێكۆڵینەوە ستراتیژی دەزگاكەیان بە گەرمی پێشوازییان لە شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیمۆكراتی كوردستان كرد. لەلایەن سەرۆكی دەزگاكەوە بە فراوانی باسی سەنتەرەكەیان و گرنگیدانیان بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پرسی كورد و قەیرانە سیاسییەكانی ناوچەكە كرد، كە لە ڕابردوودا چەندین لێكۆڵینەوەی سیاسی و ستراتژییان سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناووین و پرسی ڕێفرەندۆم و سەربەخۆیی و، قارەمانێتیی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی تێكشكاندنی داعش لە كوردستان و ناوچەكە دا بڵاو كردۆتەوە، هەروەها هۆشیار سیوەیلی و شاندی یاوەری گفتۆگۆیەكی چڕ و پڕ و شیكارییان لەسەر ئێستا و پاشەڕۆژی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك و ستافی  سەنتەری ناوبراو ساز كرد، كە تێیدا باسی پێشكەوتنەكانی دیموكراسی و خۆبەڕیوەبردنیان كرد لە هەرێمی كوردستان.

هەر لە وارشۆی پایتەخت لەلایەن دكتۆر كارۆڵ ڤاسیلێڤسكی، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باكووری ئەفریقیا و  ئۆفیسی توێژینەوە و تیمێكی پسپۆر لە توێژەرانی ئەنستیتۆی پۆڵۆنیا بۆ پرسە نێودەوڵەتییەكان شاندی پارتی پێشوازی كران و، تیڕوانینی (پ.د.ك) لەسەر دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە  خستە ڕوو.

دیدارێكی سیاسیی شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)  لەگەڵ ڕیشاد چارنێتسكی، جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا و سیاسەتمەداری ناسراوی پۆڵۆنیا لە پارتی دەستەڵاتداری (ماف و دادپەروەری) پۆڵۆنیا و ئەندامی پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا لە گرووپی كۆنسێرڤاتیڤ و ڕیفۆرمخوازەكان ئەنجامدرا. ڕێشاد چارنێتسكی كە هاوسۆزی پرسی كورد و هەرێمی كوردستانە و لە گەرمەی شەڕی داسەپاوی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان لە ٢٠١٦ سەرۆكایەتی  شانژیكی باڵای پەرلەمانی یئەكێتی ئەورووپای كردبوو بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان ،و سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگەی كوردستانی لە شەری تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعشی بەسەر كردبووە و لەگەڵ  سەرۆكی  پێشووی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی و گەورە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمدا كۆببوونەوە و پشتیوانی پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپای  گەیاندبووە سەرۆكایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان لە شەڕی تیرۆر. ئەو دیدارە سیاسییەش بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی لەگەڵ پارتی ماف و دادپەروەری فەرمانڕەوای پۆڵۆنیا و لەگەڵ گرووپی كۆنسێرڤاتیڤ و ڕیفۆرمخوازانی پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپادا بووە. هوشیار سیوەیلی سەرۆكی شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیدارەكەدا هیوای سەركەوتنی بۆ پارتی ماف و داپەروەری فەرمانڕەوای پۆڵۆنیا خواست لە هەڵبژاردنەكانی گشتی و پەرلەمانی ڕۆژی ١٣/١٠/٢٠١٩ و سوپاس و ستاییشی پەیوەندی دۆستانە و پشتگیری بەردەوامی بەڕێز ڕیشاد چارنێتسكی كرد.                           

هەر لە وارشۆی پایتەخت بە گەیشتنی شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ شوێنی بەڕێوەچوونی كۆڕبەندی ئاساییشی وارشۆی ٢٠١٩، حوسێن مەنسوور ئەلسافی، كە بە پلەی وەزیفی قائم بالاعمال و پۆستی باڵیۆزی عێراق لە پۆڵۆنیا كار دەكات، دەستپێشخەری كرد و لەگەڵ ستافی باڵیۆزخانەی كۆماری عێراقی فیدراڵ لە وارشۆی پایتەخت سەردانی شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی كرد، شاندەكەش ئەلبومێكی فۆتۆگرافی لە خەباتی بارزانی نەمر و شۆڕشی ڕزگاریخوازی نیشتیمانی كوردستانان پێشكەش بە باڵیۆزی عێراق كرد، بەڕێزیان لەگەڵ ھاوكارانی لە سەفارەت، ئامادەیی خۆیان پیشاندا بۆ ھاوكاری شاندەكەی پارتی، وە لە یەكەمین ڕۆژی كۆڕبەندی ئاساییشی وارشۆی و٢٠١٩ لە ٢/٩ دا شاندی پارتی چاویان بە موئەیەد ساڵح جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق كەوت، كە بانگهێشتی كۆربەندەكە كراوە.                                                       

شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)، هەروەها ئامادەی كۆڕبەندی ئاسایشی وارشۆ ٢٠١٩ بوو و لە پەراوێزی كۆربەندەكەشدا لە پانێڵێكی تایبەت بە قۆناغی دوای تێكشكاندنی داعش لە كوردستان و ناوچەكە دا و، شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە و بنبڕكردنی هزری توندڕەوی پەنێلێكیان پێشكەش كرد، كە بە ئامادەبوونی  زیاتر لە (٧٠٠) میوان لە پۆڵۆنیا و دەرەوەی كۆماری پۆڵۆنیا بەڕێوە چوو و ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسایەتی سیاسی و شاندی دامەزراوەكانی هزری و ستراتیژی و بەرگری و ئەمنی، زیاتر لە (٥٠) وڵاتی ئەورووپی و چەندین وڵاتی جیهان بانگهێشتی كۆڕبەندەكە بوون، كە ژمارەیەك لە وەزیرانی بەرگری ئێستا و پێشووی وڵاتان و وەزیری دەرەوە و بەرگری كۆماری پۆڵۆنیا و ژمارەیەك لە وەزیران و جێگرانی وەزیر و  كەسایەتیی سیاسیی ناسراو و، چەند سەرۆككۆماری پێشوو و سەرۆكوەزیرانی پێشووی وڵاتانی ئەورووپی و گەورە بەرپرسانی رێكخراوی ئەتلانتیكی ناتۆ و، دامەزراوەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان و دامەزراوەكانی هاوكاری مرۆیی و شیكاری و ستراتیژی و ئەمنی ئامادە بوون.

لە پەراوێزی یەكەم ڕۆژی كۆڕبەندی ئاسایشی وارشۆ ٢٠١٩ شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د،ك) بەشدارییان كرد لە پاناڵێك دەربارەی تێرۆر و داعش و چۆنیەتی نەھێشتنی بیر و ھەڵوێستی توند و تیژیی لە ناو ئەو منداڵانەی، كە دایك و باوكیان شەڕكەری داعش بوون، جگە لە هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)، موئەیەد ساڵح بریكاری وەزیری دەرەوەی عێراق و موشەڕەف زەیدی شارەزای ئەو بوارە لە پاكستانەوە وەك پەناڵیست بەشدار بوون.

 لە دوایین ڕۆژی كۆڕبەندی ئاسایشی وارشۆ ٢٠١٩ـدا شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) چەندین دیدار و چاوپێكەوتنیان لەگەڵ شاندەكانی بەشداربووی كۆربەندی ئاساییشی وارشۆ ئەنجام دا و، چالاكانە بەشدارییان لە پانێڵەكاندا كرد و، لە یەكێك لە پانێڵەكانیشدا كە لە لایەن موئەیەد ساڵح جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق پێشكەش كرا ئامادە بوون و، دیدگای  پارتی دیموكراتی كوردستان و هەرێمی كوردستانیان لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەكە و سەبارەت بە پرسی ئاسایش و سەقامگیری و ئاوارەكانی شەڕ و، بەردەوامبوونی توندوتیژی لە عێراق و كێشە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا و، سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و، لە ناوچەكانی مادەی (١٤٠) كە حەشدی شەعبی و میلیشیا شیعەكان و سوپای عێراق بە  بێ  هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەیپارێزن و، پەلامارە تیرۆریستییەكان و مەترسییەكانی داعش بۆ سەر خەڵكی سڤیل لەو ناوچانە، كە بە فراوانی سەریان هەڵداوەتەوە خرایە ڕوو، كە بە بێ گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ئەم ناوچانە، ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەكە ناگەڕێتەوە.                                                                     

هەر لە چوارچێوەی دیدار و چاوپێكەوتنە سیاسی و شیكارییەكاندا، شاندی پارتی لەگەڵ ناوەندە گرینگەكانی پۆڵۆنیا و لە پەراوێزی دوایین ڕۆژی كۆڕبەندی ئاسایشی وارشۆدا، بانگهێشتی ستۆدیۆی تەلەڤزیۆنی ڕێپابلیكا بوو، لە بەرنامەیەكی ڕاستەوخۆی تەلەڤزیۆنەكەدا دیمانەیەكیان دەربارەی سەردانی فەرمیی شاندی پارتی دیمۆكراتی كوردستان بۆ وارشۆی پایتەخت و دۆخی كوردستان و سەرھەڵدانەوەی داعش و داعشە بیانییەكان لە عێراق ئەنجام دا.                                                                                                                               

شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)  لە ڕۆژی كۆتایی كۆڕبەندی وارشۆدا، بە جیا لەگەڵ سەرۆكی كۆڕبەند و رێكخەری پڕۆگرامی كۆڕبەندەكە كۆبوونەوە و خەڵاتێكیان بە ناوی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پێشكەش كردن، هەروەها سەردانی گۆڕی سەربازی ون و مۆنۆمێنتی شەهیدانی ڕووداوی سمۆلێنسكی لە وارشۆ و سەردانی مۆزەخانەی مێژووی زیندوو و كەمپی قڕكردنی (٦) ملیۆن مرۆڤی جولەكە و پۆڵۆنیا و نەتەوەكانی دیكەی ئەورووپایان كرد، لە ئەوشڤیتس لە باشووری پۆڵۆنیا كە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا پاكتاوی ڕەگەزی و جینۆسایدیان بەرامبەر كرابوو لە لایەن نازییەكانەوە.                                                                                                                                         

دوای كۆتاییهاتنی كۆڕبەندی ئاسایشی وارشۆ ٢٠١٩، ئێوارەی هەمان ڕۆژ شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە جیا چاویان بە زبیگنێڤ پیسارسكی، سەرۆكی كۆڕبەندی ئاسایشی وارشۆ و بەرپرسی دەزگای  تینك تانكی كاژمێژ پۆواسكی و، خاتوو كەتەژینا پیسارسكا، بەرپرسی پرۆگرامی كۆڕبەندی ئاساییشی وارشۆ كەوت و، سوپاس و ستاییشی بەڕێوەبەرانی كۆڕِبەندەكەیان كرد بۆ بە فەرمی بانگهێشتكردنی شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە وەك تاكە شاندی كوردی بانگهێشتی كۆڕبەندەكە كرابوو.

-

-

-

-

-

-

-

-

-

-

 




دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی پەروەردە بۆ قوتابیان و خوێندكاران: دووربن لەو فریودانانە

SATURDAY, 20 APRIL 2024 11:04:15

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، لەڕێی چەند پەیج و ئەكاونتێكەوە قوتابیان فریو دەدرێن، بۆیە لەگەڵ ئاسایش هاوئاهەنگی دەكرێ‌ بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوانكاری لەو شێوەیە.

 
وەزیری بازرگانی ھەنگاوەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بۆ KDP ئاشکرا دەکات

FRIDAY, 19 APRIL 2024 21:04:30

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی وەرگرتنی گەنمی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا دیاری نەکراوە، بڕیاریشە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بە ھەماھەنگی بڕەکە دیاری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان ئامادەکردووە.

 
شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact