Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 20 APR 2024 10:36 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

سەرۆک بارزانی: ئەو کاتەی لەبەردەستمدا دەبێ بۆ سەربەخۆیی تەرخانی دەکەم؛ خۆم کاندید ناکەمەوە
| KDP.info


هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ڕۆژنامەی (لیمۆند)ی فەڕەنسایی ڕایگەیاند، کە بۆ بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆی کاندید ناکاتەوە و دەخوازێ، هەموو ئەو کاتەی لە بەردەستی دایە بۆ پرۆسەی سەربەخۆییی کوردستان تەرخانی بکات.

 

لە دەستپێکی دیمانەکەدا ڕۆژنامەی (لیمۆند) نووسیویەتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، (مەسعوود بارزانی)، تەمەن 70 ساڵ، ڕۆژی سێشەممە 21ی مانگی دوو لە پاریس چاوی بە (فرانسوا ئۆلاند) وەک "هاوڕێیەکی دێرین"  کەوت، بە مەبەستی سوپاسکردنی بەرلەوەی کۆشکی ئێلیزێ بەجێ بێڵێت، بۆ ئەو پشتگیرییەی لە شەڕی دژی داعشدا لە کوردستانی دەکات. لەکاتێکدا کە شەڕی دەستبەسەراگرتنەوەی ڕۆژئاوای مووسڵ دەستی پێ کردووە و بەڕێز (بارزانی) دێتەوە سەرکێشەکانی هەرێم.


لیمۆند: ئایا ئێوە ڕازین لە بەرەوپێشچوونی هیزەکان لە شەڕی مووسڵدا؟ ئایا دەربارەی بەڕێوەبردنی داهاتووی ئەو شارە ڕێکەوتنێکی سیاسیتان لەگەڵ بەغدا هەیە؟
بارزانی: جەنگەکە باش بەرەو پێشەوە دەڕوات، کاتێک بەشی ڕاستی ڕووبارەکە ئازاد بکرێت، دەبیتە سەرکەوتنێکی مەزن دژی داعش. بەڵام ئەمە کۆتاییی بیروڕای تیرۆریزم نییە. لەڕووی سیاسییەوە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەین بۆ دامەزراندنی کۆمیتەیەکی باڵا بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە، بە شێوەیەک کە نوینەرایەتیی هەموو لایەنێک بکات. پێش هاتنی داعش 300 هەزار کورد لە مووسڵ دەژیا و کوردەکان زۆرینەن لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتنێکی مەبدەئیمان دەربارەی مووسڵی پاش داعش هەیە و تا ئێستا نوێنەری کورد لەو پاریزگایەدا هەیە.

لیمۆند: وادیارە جەنگی مووسڵ ڕێخۆشکەربوو بۆ باسی پێوەندییەکانی نێوان ئیوە و دەستەڵاتدارانی بەغدا؟
بارزانی: لە ئاستی سەربازییەوە هاوکارییەکی باش لە نێوانماندا هەیە، بەتایبەتی لەنێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق، (حەیدەر عەبادی) و خۆمدا، ئەم پێوەندییە هەر بەردەوام دەبێت، چونکە ئەمە بۆ هەموو لایەک پێویستە. بەڵام دەربارەی دۆسییە ئاڵۆزەکان و کێشەکانی دی، بۆ نموونە دەربارەی کێشەی نەوت، لەگەڵ بەغدا هیچ بەرەوپێشچوونێک لە ئارادا نییە.

لیمۆند: ئایا لەگەڵ بەغدا هیچ ڕێککەوتنێکتان بەدەست هێناوە دەربارەی ناوچە دابڕاوەکان، کە بەدەستی هێزە کوردییەکان ئازاد کرا؟
بارزانی: ڕێککەوتنێک هەیە سەبارەت بەو ناوچانەی کە پێش 17ی مانگی 10ی 2016، واتە پێش هێرشکردن بۆ سەر مووسڵ  ئازادمان کردوون، کە ئێمە لەو ناوچانەدا دەمێنینەوە. بڕیارە ناوچەکانی تری وەک قەرەقووش یان باشیک، بەدەست خەڵکی ناوچەکەوە بن. ئەگەر دانیشتوانی ئەو ناوچانە داوای ڕیفراندۆمیان کرد، ئێمە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین.

لیمۆند: لەنێوان بەغدا و ئانکارا سەبارەت بە ئامادەبوونی هیزە تورکەکان، کە لەسەر داوای ئیوە هاتوون بۆ باکووری عێراق، داوایان لێ دەکرێت بمێننەوە؟
بارزانی: سەرۆکوەزیرانی تورکیا چوو بۆ بەغدا و بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە لەپاش شەڕی مووسڵ ڕێکەوتنێکی مەبدەئییان کرد. مانەوەی ئەو هێزانە کاتییە و دەبێ بکشێنەوە، بەڵام کاتەکەی دیار نییە.

لیمۆند: ئایا ئێوە نیگەرانن لە پەرەسەندنی (پەکەکە) لە ناوچەکەدا و پیوەندییان لەگەڵ حەشدی شەعبی؟
بارزانی: کلیلی کێشەی (پەکەکە) لە تورکیایە، نەک لە کوردستانی عێراق. دەبێ بە گفتوگۆ و دیالۆگ لەو وڵاتەدا ڕێککەوتنێکی سیاسی بەدەست بهێنرێت. ئەگەر دەستەڵاتدارانی تورک داوامان لێ بکەن، ئێمە ئامادەین یارمەتیی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی بدەین، ئەو پرۆسەیە کە پتر لە دوو ساڵە دەستی لێ هەڵگیراوە. بەڵام ئەو داواکارییە دەبێ لە ئانکارا دەست پێ بکات. هەرچی پێوەندییی بە حەشدی شەعبییەوە هەیە، وەک باستان لێوە کرد، دوو بەشن؛ بەشێکی زۆریان بەدیسپلینن و باش ڕیکخراون و ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەواندا نییە و پیوەندیی باشمان هەیە؛ بەشێکی تریان هەیە، کێشەی بچووک دروست دەکەن، بەڵام ئێمە هەموومان لەو ناوچەیەدا یەک چارەنووسمان هەیە، هەربۆیە دەبێت پێکەوە چارەسەرێک بدۆزینەوە.

لیمۆند: دەستوەردانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی کوردستان ئیوە نیگەران دەکات؟
بارزانی: ئێمە، پێوەندییەکی باشمان لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان هەیە، تەنانەت لەگەڵ ئێرانیش. بەڵام ئێمە، نامانەوێت ئێران لەجیانی عێراقییەکان یان کوردەکان بڕیار بدات. ئێمە دژی ئەو کاریگەرییە ڕاستەوخۆیەین، کە ئەم کاریگەرییە بە ڕێی فڵان حزب یان لایەنێک بێتە دی. پێوەندییەکان لەنێوان تاران و حکوومەتی هەرێمدا دوو لایەنین، ئێمە قبووڵی ناکەین، ئێران دەست بخانە ناو کاروباری ناوخۆمان.

لیمۆند: چی ڕێگرە لە ڕێککەوتنتان لەسەر هەڵبژاردنەکان، لە کاتێکدا بەم نزیکانە دەبێ بە دووساڵ، کە ماوەی دەستەڵاتی سەرۆکایەتیتان گەیشتووەتە کۆتایی؟
بارزانی: لە مانگی نۆدا دوو هەڵبژاردن دەبێت؛ سەرۆکایەتی و پەرلەمانی. پاش هەڵبژردنەکانی 2014 ڕێکەوتنێک هەبوو لەنێوان پارتەکاندا بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانییەک و پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوبەش، بەڵام بەشێک لەوان کێشەیان دروست کرد و زیاتر بەروەژوەندیی تاکڕۆییی خۆیان دەخستە پێشەوە. دەنگی هاووڵاتیان، باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی بزانرێت، دەبی کێ دەستەڵات بگریتە دەست.

لیمۆند: ئایا خۆتان کاندید دەکەنەوە؟
بارزانی: یاساکەمان ئەوە دیاری دەکات، کە ماوەی سەرۆکایەتی تەنیا چوار ساڵە و یەک جار تازە دەکریتەوە. من دوو جار سەرۆکایەتیم کرد و دووەم جار بەهۆی جەنگی دژ بە داعش ناچاربووم بەردەوام بم. یاسا گرینگیی خۆی هەیە، کەواتە خۆم کاندید ناکەمەوە. لەنێو پارتەکاندا چەندین کەس هەیە، کە دەتوانن خۆیان کاندید بکەن و کەسانی سەربەخۆش دەتوانن خۆیان کاندید بکەن و داوای دەنگی هاووڵاتییان بکەن. دەخوازم هەموو ئەو کاتەی کە لە بەردەستمدا دەبێت، تەرخانی بکەم بۆ پرۆسەی سەربەخۆییی کوردستانی عێراق.

لیمۆند: ئەی مەسەلەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی چی بەسەرهات، کە چەندین جار ئاشکرا کرا، بەڵام جێبەجێ نەکرا؟
بارزانی: ئەمە بابەتێکی زۆر گرینگە و ئێمە ڕێکی دەخەین، هەرچەندە هێشتا ڕۆژەکەیشی دیاری نەکراوە. بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، مافی هەموو میللەتێکە و مافی گەلی کوردیشە. زۆرینەی کوردەکانی عێراق لەگەڵ ئەو چارەسەرەدان.


لیمۆند: ئەی ئەگەر ڕۆژئاوای کوردستان داوای سەربەخۆیی بکات، ئێوە پشتگیریی دەکەن؟
بارزانی: ئێمە پشتگیریی کێشەی کورد دەکەین لە هەموو پارچەکانی کوردستان، بە مەرجێ ئەو کێشەیە تەنیا بەچەک نەدوێ و لە ڕێی توندوتیژییەوە نەبێت.




دوایین هەواڵەکان

وەزیری بازرگانی ھەنگاوەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بۆ KDP ئاشکرا دەکات

FRIDAY, 19 APRIL 2024 21:04:30

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی وەرگرتنی گەنمی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا دیاری نەکراوە، بڕیاریشە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بە ھەماھەنگی بڕەکە دیاری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان ئامادەکردووە.

 
شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact