دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک ڕایدەگەیەنێت، دروستکردنی زیاتر لە ١٠ کارگەی تازە لە بواری جیاجیا پەسەند کراون و زەوییان بۆ تەرخان دەکرێ و دەست بە دروستکردنیان دەکرێت، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە کەرتی پیشەسازی دەدات.
د. ھەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە پارێزگای دھۆک بە سەرپەرشتی پارێزگاری دھۆک لە کۆبوونەوەی لیژنەی پیشەسازی و گەشەپێداندا دروستکردنی ژمارەیەک کارگە و کۆگای ھەڵگرتنی خۆراک پەسەند کران، کە داواکاری پێشکەش کرابوون بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانە دەستیان پێبکرێت، بۆیە ئێستا پەسەند کراون و تەنیا ماوە زەوی بۆ ئەو پڕۆژانە دابین بکرێت و دەست بە دروستکردن و دامەزراندنی کارگەکان بکرێت.
سدیق گوتیشی، ئەو پڕۆژانەی لەلایەن سەرمایەدار و وەبەرھێنەرانەوە پێشکەش کرابوون، زۆرینەیان پەسەند کراون، کە پێویستە بەپێی رێنمایی و یاساکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن لە بەرژەوەندیی خەڵکیدا بن و نابێت بە ھیچ شێوەیەک زیانیش بە ژینگە بگەیەنن.
هاوکات دەشڵێت، زیاتر لە ١٠ کارگە و ١٢ کۆگای ھەڵگرتنی خۆراک دروست دەکرێن، کە کارگەکانیش بیناسازی و سیرامیک، دروینی جلوبەرگ و بۆیاغ و غاز، فلین و ڕۆنی ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی پاککەرەوە، کشتوکاڵ و ئاوی خواردنەوەن، بۆیە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی گەشەی زیاتر لە دھۆک بە کەرتی پیشەسازی بدرێت، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا گرنگییەکی زۆری بەو کەرتە داوە و ئێستا ئەو کەرتە چووەتە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتووەوە.
بڵند ئیبراھیم