ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری یاسایی وەزارەتی شارەوانی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، نزیکەی ٣٢ ھەزار فەرمانبەری دیکە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی، دەشڵێ "خزمەتی گرێبەستیش ھەژمار دەکرێت بۆ ئەو فەرمانبەرانەی بوونەتە ھەمیشەیی."
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری یاسایی وەزارەتی شارەوانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "لیستێکی دیکەی وەزارەتی پێشمەرگە لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانە، ژمارەیان نزیکەی ١٠ ھەزار پێشمەرگەیە، چاوەڕێی پەسەندکرنین بۆ وەرگرتنی زەوی، ھەروەھا لیستێکی دیکەی وەزارەتی پێشمەرگەمان لەبەردەستە ١٠ ھەزار ناوە."
بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی گوتیشی، "خەریکی لیستێکی خانەنشین و فەرمانبەرانین، ڕەنگە ببێتە دوا لیست بینێرین بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، تا ڕەزامەندی لەسەر بدرێت بۆ پێدانی پارچە زەوی، ژمارەیان ١٢ ھەزار فەرمانبەر و خانەنشینە."
لەبارەی ئەوانەی خزمەتیان ھەیە و گرێبەست بوونە، سەربەست مەولود ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "پێشتر ڕێنمایی بە ھەموو وەزارەت و فەرمانگەکان دراوە، ئەگەر فەرمانبەرێک لە وەزارەتێک گرێبەست بووبێت و دواتر کرابێتە فەرمانبەری ھەمیشەیی ئەوە خزمەتی گرێبەستەکەی بۆ ھەژمار دەکرێت بۆ وەرگرتنی زەوی، بەڵام بە مەرجی ئەوەی لە ھەمان وەزارەت گرێبەستی ھەبووبێت کە ئێستا تێیدا فەرمانبەری ھەمیشەییە."
قائید میرۆ