ههولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی بوونی ھەڵەبجە بە چوارەم پارێزگای ھەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوەو تێیدا ئاماژە بە ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی دەکات بۆ بە پارێزگاکردنی ھەڵەبجە.
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی:
بەبۆنەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی شاری ھەڵەبجە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی ھاووڵاتیانی ھەڵەبجە و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان بە تایبەتی دەکەین، جێگەی خۆشحاڵیمانە کە شاری ھەڵەبجە بە فەرمی بوو بە چوارەمین پارێزگای ھەرێمی کوردستان و “١٩”یەمین پارێزگای عێراق، ھەڵەبجە شاری شەھیدانە و ھێمای خۆڕاگریی و خۆنەچەماندنی گەلێکە.
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان و سەرجەم ئەو فراکسیۆن و پەرلەمانتارانە ھەیە کە ڕۆڵیان ھەبوو لەم بڕیارە پێویست و گرنگەدا، ئەم بڕیارە بایەخ و کاریگەری یەک ھەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە بەغدا زیاتر نیشاندا، بۆیە جارێکی دیکە جەخت لە یەکڕیزی و یەک ھەڵوێستی گەلەکەمان و سەرجەم کورستانیان دەکەینەوە لەپێناو گەیشتن بە تەواوی ئامانج و مافە ڕەواکانمان.
جێگەی ئاماژەیە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سەرۆک بارزانی، ھەوڵەکانی خۆی بۆ بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە چڕکردەوە، ھەنگاو و ھەڵوێستە کردارییەکانی جەنابی (سەرۆک بارزانی)و سەرۆکایەتی ھەرێم و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوونە ھەوێنی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە، ئەمڕۆ بە فەرمیی ھەڵەبجە پارێزگایەکی کوردستان و عێراقە.
ھیوادارین حکوومەتی فیدراڵی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەنگاوەکانیان بۆ جێبەجێکردن و فەراھەمکردنی دادپەروەری بێت لەنێوان پارێزگاکانی عێراقدا، لەو ڕوانگەیەوە، قوربانیەکان و مەزڵومیەتی ھاونیشتمانیانی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە پێویستیان بە ئاوڕدانەوە و خزمەتگووزاری و خزمەتکردنی زیاتر ھەیە.
سڵاو بۆ خانەوادەی قوربانیان و شەھیدانی ھەڵەبجە و گیانی پاکی سەرجەم شەھیدانی کوردستان
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٤ـی نیسانی ٢٠٢٥